سوپای سوودان وردەکاریی هەوڵێکی کودەتا ئاشکرا دەکات

سوپای سوودان وردەکاریی هەوڵێکی کودەتا ئاشکرا دەکات
سوپای سوودان وردەکاریی هەوڵێکی ژمارەیەک فەرماندەی سوپا، بۆ کودەتاکردن، ئاشکرا دەکات.

رۆژی چوارشەممە 24-7-2019، سوپای سوودان شکستپێهێنانی هەوڵێکی کودەتای راگەیاند.

ئەمڕۆ پێنجشەممە، سوپای سوودان لە ئاژانسی فەرمیی هەواڵی وڵاتەکەی، وردەکاریی هەوڵەکەی ئاشکرا کردووە و رایگیاندووە، کە هاشم عەبدولموتەڵیب، سەرۆک ئەرکانی سوپا سەرکردایەتیی هەوڵەکەی بۆ کودەتا، دەکرد.

سوپای سوودان ئاماژەی بەوەش کردووە، کە هاشم عەبدولموتەڵیب گرتەیەکی ڤیدیۆیی تۆمار کردبوو بۆ راگەیاندنی کودەتا بەسەر ئەنجومەنی سەربازیی سەرۆکایەتیی سوودان.

ئەنجومەنی سەربازیی سەرۆکایەتیی سوودان، کە دوای لەکار لادانی عومەر حەسەن بەشیر، سەرۆکایەتیی سوودانی گرتە دەست، بزووتنەوەی ئیسلامیی سوودانی بە هەوڵدان بۆ کودەتاکە تۆمەتبار کردووە و ئەو حزبەش ئەو تۆمەتە رەت دەکاتەوە.

رۆژی پێنجشەممە 11-4-2019، سوپای سوودان لەسەر کار لادانی عومەر حەسەن بەشیری سەرۆکی وڵاتەکەی راگەیاند و بڕیاری زیندانیکردنی درا.

دوای لەسەرکار لادانی سەرۆکی وڵات، حزبەکەیشی لە دەسەڵات دوور خرایەوە و عومەر بەشیر و دەیان سەرکردە و بەرپرسی ئەو حزبەش خرانە زیندانەوە.










باسنيوز
Top