راوێژکاری خامنەیی هەڕەشەیەکی توند دەکات

 راوێژکاری خامنەیی هەڕەشەیەکی توند دەکات


راوێژکاری رێبەری باڵای کۆماری ئیسلامیی ئێران هەڕەشەیەکی توند لە وڵاتانی دراوسێ دەکات.

حوسێن دەهقان، راوێژکاری سەربازیی عەلی خامنەیی، رێبەری باڵای ئێران، رایگەیاندووە، پێویستە هەموو لایەنێک سوود لە گەرووی هورمز وەربگرێت، ئەگەرنا کەس سوودی لێ وەرناگرێت، وەک هەڕەشەیەک بۆ ئەوەی ئەگەر رێگا بە ئێران نەدرێ نەوت بفرۆشێ، ئەوا ئەو وڵاتەش رێگا لە فرۆشتنی نەوت لەڕێگای گەروەکەوە، دەگرێت.

حوسێن دەهقان، کە چاوپێکەوتنێکی لەگەڵ کەناڵی (جەزیرە)ی قەتەری ئەنجام داوە، هێرشی کردووەتە سەر ئیماراتی عەرەبیی یەکگرتوو و بە ”سەرچاوەی هەڕەشە بۆ ئاسایشی ئێران“ ناوی بردووە.

ئەو راوێژکارەی خامنەیی جەختی لەوە کردووەتەوە، کە ئەگەر وڵاتەکەی رووبەڕووی هێرش ببێتەوە، ئەوا ”هەموو بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا لە وڵاتانی ناوچەکە دەکەینە ئامانج“.

زیاتر لە ساڵێکە پەیوەندییەکانی تاران و واشنتن گەیشتوونەتە خراپترین ئاست و ئەمریکا ژمارەیەک سزای بەسەر ئێراندا سەپاندووە.

دوای کشانەوەی ئەمریکا لە رێککەوتننامەی ناوکی و سەپاندنی چەندین سزا بەسەر ئێران، دۆناڵد ترەمپ هەڕەشەی لە هەموو ئەو وڵات و لایەنانە کرد، کە یان دەبێ بچنە بەرەی ئێران یاخود پابەندی سزاکانی ئەمریکا بن بەسەر ئێران.

شەوی 8/5/2018، دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکا بڕیاری کشانەوەی وڵاتەکەی لە رێککەوتنی ناوکیی ئێران و وڵاتانی پێنج + یەک، واژۆ کرد.

رێککەوتنی ناوکیی ئێران و وڵاتانی پێنج + یەک لە سەرەتای نیسانی 2015 لە شاری لۆزان لە سویسڕا واژۆ کرا، کە بەپێی ئەو رێککەوتنە ئێران دەستبەرداری دروستکردنی چەکی ناوکی دەبێت و ئەمریکاش سزاکانی لەسەر ئەو وڵاتە سووک دەکات.

وڵاتانی پێنج + یەک بریتین لە پێنج وڵاتی ئەندامی هەمیشەیی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی (ئەمریکا، فەرەنسا، رووسیا، بەریتانیا و چین) و ئەڵمانیا پێک دێت.






باسنيووز
Top