مارک ئیسپەر دەبێتە وەزیری بەرگریی ئەمریکا

 مارک ئیسپەر دەبێتە وەزیری بەرگریی ئەمریکا
دوای پەسندکردنی لەلایەن ئەنجوومەنی پیرانی وڵاتەکەی، مارک ئیسپەر بە فەرمی بووە وەزیری بەرگریی ئەمریکا و لە کۆشکی سپی لە بەردەم دۆناڵد ترەمپ سوێندی یاسایی خوارد.

مارک ئیسپەر لە کۆشکی سپی لەبەردەم دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا سوێندی یاسایی خوارد، دوای ئەوەی سێشەممە (23-7-2019) ئەنجوومەنی پیران بە 90 دەنگی بەڵێ، بەرامبەر 8 دەنگی نەخێر دەنگیان پێی دا.

ئیسپەر لە دوای سوێندخواردنەکەی لە گوتەیەکیدا رایگەیاند، ئەوە شەرەفی ژیانییەتی کە سەرکردایەتی مەزنترین سوپا لە مێژوودا بکات. مارک ئیسپەر، وەزیری بەرگری ئەمریکا گوتی "دەمەوێت سوپاسی لیژنەی خزمتگوزاری سەربازی ئەنجوومەنی پیران بکەم بۆ ئەم هەنگاوە خێرایەیان بۆ هەڵبژاردنی من، هەروەها ئەو پشتیوانییە بەهێزە یەکگرتووەی ئەمڕۆ لەلایەن تەواوی ئەنجوومەنی پیرانەوە پێم گەیشت. ئەوە شەرەفی ژیانی منە کە وەکو وەزیری بەرگری دەستنیشان بکرێم و سەرکردایەتی مەزنترین سوپا بکەم لە مێژوودا".

هەروەها دۆناڵد ترەمپ لە گوتەیەکدا لەدوای سوێندخواردنی ئیسپەر گوتی "ئەو دەبێتە کەسێکی مەزن (لە کارەکەیدا)"

ماوەی حەوت مانگ بوو پۆستی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا بەتاڵ بوو، دوای ئەوەی جەیمس ماتیس دەستی لەکارکێشایەوە بەهۆی ناڕازیبوونی لە کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە سووریا و ئەفغانستان. ترەمپ لەدوای ماتیس پاتریک شاناهانی وەکو کاربەڕێکەری وەزارەتی بەرگری دەستنیشان کردبوو، ئەویش بەهۆی کێشەی خێزانی، لە بەربژێربوون بۆ پۆستەکە کشایەوە.




رووداو -
Top