سوپای پاسداران ئاڵای ئێرانی لەسەر كەشتیە بەریتانیەكە هەڵكرد
لەوەتەی رۆژی هەینی رابردووەوە سوپای پاسداران لە گەرووی هورمزدا، دەستی بەسەر كەشتیەكی نەوتهەڵگری بەریتانیدا گرتووە و گواستوویەتیەوە بۆ بەندەری (بەندەر عەباس)، ئەمەش ناڕەزایی توندی بەریتانیا و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لێ كەوتەوە.
بەڵام ئەمڕۆ لە هەنگاوێكی چاوەڕوانەكراودا، كەناڵی تەلەڤزیۆنی ئێرانی ڤیدیۆیەكی كەشتیە بەریتانیەكە بڵاو كردەوە، كە لەسەریەوە لە شوێنی ئاڵای بەریتانیا، ئاڵای ئێران دەشەكێتەوە.
تۆڕی هەواڵی (سكای نیوز)ی عەرەبی لەمبارەوە پرۆفیسۆر ئەیمەن سەلامەی دواندووە، كە پسپۆری یاسای نێودەوڵەتییە و دەڵێ "ئەم هەنگاوەی ئێران لە ڕووی یاساییە مەترسیدارە و بە هیچ شێوەیەكیش پێشینەی نیە، بەڵكو پێشێلكارییەكی ئاشكرای پرەنسیپەكانی یاسای نێودەوڵەتیی كەشتیوانی و پێشێلكاری هەر یاسایەكی كەشتیوانیشە كە لە هەر وڵاتێكی جیهاندا پەسەند كرابێت".
باسنیوز
