هەشت سەرمایەداری تورکیا بەهۆی بێ بازاڕیی هێلکە مایەپووچ دەبن
هەشت سەرمایەداری تورکیا بەهۆی بێ بازاڕیی هێلکە، مایەپووچ دەبن (ئیفلاس دەکەن).
ئەمڕۆ یەکشەممە 21-7-2019، رۆژنامەی (زەمان)ی تورکی لە راپۆرتێکدا ئاماژەی بەوە کردووە، کە لە ماوەی 20 رۆژی رابردوودا، خاوەن کێڵگەکانی بەرهەمهێنانی هێلکە ناچار بوون زیاتر لە یەک ملیۆن و 700 هەزار مریشک بەهۆی ئەوەی توانای دابینکردنی عەلەفیان نەماوە، سەرببڕن و نزیکەی یەک ملیۆن مریشکیش بەهۆی مانەوەیان لەناو سەربڕخانەکان، لەناو چوون.
بەرهەمهینەرانی هێلکە لە تورکیا، کە %20 بەرهەمەکانیان هەناردەی عێراق دەکرد، بەهۆی بڕیارێکی عیراقییەوە ناچاربوون ئەو %20ـەی بەرهەمەکانیان لە بازاڕەکانی ناوخۆ ساغ بکەنەوە، ئەمەش بووەتە هۆی دابەزینی نرخی هێلکە و زیانێکی گەورە بە وەبەرهێنەرەکان گەیشتووە.
هەروەک رۆژنامەکە باسی کردووە، بەهۆی ئەو بڕیارەی عێراقەوە، هەشت سەرمایەداری تورکیا مایەپووچ بوون و زیانێکی گەورەش بە کەرتی بەرهەمهێنانی هێلکە، کەوتووە.
لە رۆژی 1-5-2019، حکوومەتی عێراق هاوردەکردنی هێلکەی لە تورکیا راگرتووە.
باسنيوز
