بەریتانیا کۆمپانیا کەشتییەوانییەکانی ئاگادار دەکاتەوە لە گەرووی هورمزەوە هاتوچۆ نەکەن
لە ماوەی دوو ڕۆژی ڕابردوودا سوپای پاسداران دوو کەشتیی نەوتهەڵگری بەریتانیی بە بیانووی ڕەچاونەکردنی یاسا نێودەوڵەتییە دەریاییەکان، لە گەرووی هورمز دەست بەسەردا گرتووە.
زانیارییەکان باس لەوە دەکەن، یەکێک لەو کەشتییانە ئازاد کراوە، بەڵام یەکیان بۆ بەندەرعەباس ناوەندی پارێزگای (هورمزگان) ڕاگوێزراوە و 23 سەرنشینیشی هەیە.
جێرمی هانت، وەزیری دەرەوەی بەریتانیا هۆشداریی داوە کە ئەگەر ئێران ئەو کەشتییە نەوتهەڵگرە ئازاد نەکات، ڕووبەڕووی کاردانەوەی جدی دەبێتەوە.
هاوکات وەزیری دەرەوەی بەریتانیا ئاشکرای کردووە، وڵاتەکەی بەتەمای ڕێگەچارەی سەربازی نییە و ئەم پرسە لەڕێگەی دیپلۆماسییەوە چارەسەر دەکات.
لەمبارەوە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆک کۆماری ئەمریکا ڕای گەیاندووە لەبارەی ئەو ڕووداوەی هاتووەتە ئاراوە، لەگەڵ بەرپرسانی بەریتانیا لە گفتوگۆدان.
دەستبەسەرداگرتنی ئەو دوو کەشتییە نەوتهەڵگرە لە کاتێکدایە کە نزیکەی دوو هەفتە لەمەوبەر هێزەکانی بەریتانیا کەشتییەکی نەوتهەڵگری ئێرانیان لە "جەبەلولتارق دەست بەسەردا گرت کە ئەمەش بووە هۆی گرژی و ئاڵۆزیی نێوان پەیوەندییەکانی تاران و لەندەن و سوپای پاسداران، بەرپرسانی سیاسی و سەربازیی ئێران هەڕەشەی کاردانەوەی توندیان بەرانبەر بەو ڕووداوە کرد.
باسنيوز
