هاوسەرگیریی سپی لە ئێران پەرەدەسێنێت
ھاوسەرگیرییەکە، ناونراوە ”ھاوسەرگیریی سپی“، لەنێوان کوڕ و کچێک دەبێت بەبێ ئەوەی ھیچ بەڵگەنامەیەکی یاسایی یان ئاگادارکردنەوەی حکوومەت هەبێت، تەنیا بۆ خۆیان بە یەکەوە وەک ھاوسەر لە ماڵێکدا دەژین.
ئەم ھاوسەرگیرییە ساڵانێکە سەریھەڵداوە، بەڵام ئێستا بەهۆی خراپبوونی ئابووریی ئێران، پەرەی سەندووە، ھیچ کامێک لە کوڕ و کچەکە ھیچ ئەرکێکی هاوسەرییان لەسەر نییە و ھەردووکیان ژیانی ئاسایی خۆیان دەکەن. ھاوسەرگیرییەکە زۆرتر بە خۆشەویستیی و بەیەکەوەژیانی کوڕان و کچان لە وڵاتانی رۆژئاوا دەچێ، کە بەبێ ھیچ مارەبڕین و پرۆسەیەکی ھاوسەرگیری، وەک دوو خۆشەویست بە یەکەوە لە ماڵێکدا دەژین.
کوڕ و کچەکان ھۆکاری ئەو ھاوسەرگیرییە بۆ سەختیی بارودۆخی ژیان و نەتوانینی دابینکردنی خەرجییەکانی مارەبڕین و ئاھەنگ، دەگێڕنەوە.
یەکێک لەو کچانەی ئەو ھاوسەرگیرییەی کردووە، بە ماڵپەڕی (میدڵ ئیست ئای) راگەیاندووە، کچانی ئێستای ئێران بە ھیچ یاسایەکی وڵاتەکەیان رازی نین و گوێیان پێ نادەن.
کچێکی دیکە لە ڕوانگەی خۆیەوە بە ھەمان ماڵپەڕی گوتووە، ھاوسەرگیریی سپی زیاتر مرۆڤانەترە لە ھاوسەرگیریی ئاسایی، چونکە کچ و کوڕەکە بۆ تێرکردنی حەزێکی ھاوبەشی خۆیان، لەگەڵ یەک دەژین، بەبێ ھیچ بەرژەوەندییەک.
بەرپرسانی ئێرانی ئەو جۆرە ھاوسەرگیرییە بە تەواوی رەت دەکەنەوە و پێیان وایە پیلانێکی ”ئیمپریالیزم“ی جیھانییە بۆ تێکدانی شیرازەی خێزان و سزای زیناکردنیان بۆ ئەو کەسانە دیاری کردووە کە ئەو ھاوسەرگیرییە دەکەن.
لە ئێران، ھاوسەرگیریی ئیسلامیی ئاسایی و ھاوسەرگیریی کاتی (سیغە) ھەیە، کە لە هاوسەرگیریی کاتیدا لەلایەن مەلایەکی ئایینییەوە کچ و کوڕەکە بۆ ماوەیەکی کاتی، لە یەک مارە دەکرێن.
باسنيوز
