یەکێتیی ئەورووپا بڕیارێک لە دژی تورکیا دەردەکات

 یەکێتیی ئەورووپا بڕیارێک لە دژی تورکیا دەردەکات


ئەنجومەنی یەکێتیی ئەورووپا بڕیارێکی پێنج خاڵی لە دژی کۆماری تورکیا ەردەکەن.

هۆکاری بڕیارەکەی ئەنجومەنی یەکێتیی ئەورووپا، گەڕانی تورکیایە بە دوای نەوت و گازی سروشتی لە ئاوەکانی قوبرس، کە قوبرسی یۆنانی ئەو ئاوانە بە بەشێک لە خاکی خۆی دادەنێت.

بڕیارەکەی ئەنجومەنی یەکێتیی ئەورووپا ئەمڕۆ سێشەممە 16-7-2019 بڵاو کراوەتەوە و لە پێنج خاڵ پێک دێت، کە ناوەڕۆکەکەیان بریتییە لە؛

- راگرتنی جموجۆڵە ”نایاساییەکان“ی گەڕان بە دوای نەوت و گازی سروشتی لەلایەن تورکیا و گەڕانەوە بۆ گفتوگۆ.

- چارەسەرکردنی کێشەی سنووری لە دوورگەی قوبرس بەپێی یاسا نێودەوڵەتییەکان و بە گفتوگۆ.

- پێویستە بەشە تورکییەکەی قوبرس ”کەمێک بەرپرسیارێتی هەڵبگرێت“ بۆ چارەسەرکردنی کێشەی دوورگەکە بەپێی بڕیارەکانی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی و یەکێتیی ئەورووپا.

- ئەگەر تورکیا لە گەڕان بەدوای نەوت و گازی سروشتی بەردەوام بێ، ئەوا یەکێتیی ئەورووپا هەموو گفتوگۆکانی پەیوەندیدار بە گواستنەوەی ئاسمانی، لەگەڵ تورکیا رادەگرێت و هاوکارییەکانی کۆمسیۆنی یەکێتیی ئەورووپاش بۆ تورکیا بۆ ساڵی 2020، کەم دەکرێنەوە.

- یەکێتیی ئەورووپ هۆشداریی دەداتە تورکیا لە سەپاندنی سزای زیاتر بەسەر ئەو وڵاتە.

تورکیا هەوڵی دۆزینەوەی گازی سروشتی لە ئاوەکانی دەریای ناوەڕاست دەدات و قوبرسی یۆنانیش، پێی وایە تورکیا لە ئاوەکانی ئەو وڵاتە بە دوای گازدا دەگەڕێت و حکوومەتی تورکیاش رەتی دەکاتەوە و باس لەوە دەکات، کە ئەو شوێنانە دەکەونە ناو سنووری قوبرسی تورکی.









باسنیوز
Top