پۆمپیۆ وەڵامی پێشنیازێکی حەسەن رۆحانی دەداتەوە

 پۆمپیۆ وەڵامی پێشنیازێکی حەسەن رۆحانی دەداتەوە


وەزیری دەرەوەی ئەمریکا وەڵامی پێشنیازێکی سەرۆک کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ دەست پێکردنەوەی دانوستاندنی ئەمریکا و ئێران، دەداتەوە.

حەسەن رۆحانی، سەرۆک کۆماری ئێران رۆژی یەکشەممە 14-7-2019، رایگەیاند، وڵاتەکەی ئامادەیە دەست بە دانوستاندنەکانی لەگەڵ ئەمریکا بکاتەوە، ئەگەر؛

- ئەمریکا هەموو سزا و گەمارۆکان لەسەر ئێران هەڵبگرێت.

- ئەمریکا بگەڕێتەوە ناو رێککەوتننامەی ئێران و وڵاتانی پێنج + یەک.

ئەمڕۆ دووشەممە 15-7-2019، مایک پۆمپیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە چاوپێکەوتنێکی رۆژنامەی (واشنتن پۆست)ی وڵاتەکەی، وەڵامی پێشنیازەکەی داوەتەوە.

مایک پۆمپیۆ پێشنیازەکەی رەت کردووەتەوە و رایگەیاندووە، دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی وڵاتەکەی ”بڕیاری کۆتایی لە دژی ئێران“، دەدات.

زیاتر لە ساڵێکە پەیوەندییەکانی تاران و واشنتن گەیشتوونەتە خراپترین ئاست و ئەمریکا ژمارەیەک سزای بەسەر ئێراندا سەپاندووە.

دوای کشانەوەی ئەمریکا لە رێککەوتننامەی ناوکی و سەپاندنی چەندین سزا بەسەر ئێران، دۆناڵد ترەمپ هەڕەشەی لە هەموو ئەو وڵات و لایەنانە کرد، کە یان دەبێ بچنە بەرەی ئێران یاخود پابەندی سزاکانی ئەمریکا بن بەسەر ئێران.

شەوی 8/5/2018، دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکا بڕیاری کشانەوەی وڵاتەکەی لە رێککەوتنی ناوکیی ئێران و وڵاتانی پێنج + یەک، واژۆ کرد.

رێککەوتنی ناوکیی ئێران و وڵاتانی پێنج + یەک لە سەرەتای نیسانی 2015 لە شاری لۆزان لە سویسڕا واژۆ کرا، کە بەپێی ئەو رێککەوتنە ئێران دەستبەرداری دروستکردنی چەکی ناوکی دەبێت و ئەمریکاش سزاکانی لەسەر ئەو وڵاتە سووک دەکات.

وڵاتانی پێنج + یەک بریتین لە پێنج وڵاتی ئەندامی هەمیشەیی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی (ئەمریکا، فەرەنسا، رووسیا، بەریتانیا و چین) و ئەڵمانیا پێک دێت.








باسنیوز
Top