مووشەكی بەرگریی S400 كێشەیەكی گەورە بۆ ناتۆ و ئەمریكا دروست دەكات

مووشەكی بەرگریی S400 كێشەیەكی گەورە بۆ ناتۆ و ئەمریكا دروست دەكات
چەند رۆژێك بەر لە ئێستە، توركیا بە فەرمی مووشەكی بەرگریی S400ی لە رووسیا وەرگرت، ئەگەرچی چەند بەشێكی ئەو مووشەكە ماوە بگاتە توركیا، بەڵام پارچە گرنگەكان گەیشتوون و ئێستە خەریكن بەكاری بخەن. ئەم هەنگاوەی توركیا وڵاتانی ناتۆی هێناوەتە دەنگ و بە گوێرەی بۆچوونی زۆرێك لە شرۆڤەكارانیش، توركیا دەبێت چاوەڕوانی سزای ئەمریكا بكات.

هەر لە سەرەتای ئیمزاكردنی گرێبەستی كڕینی ئەو مووشەكەوە، ئەمریكا و وڵاتانی ئەندام لە ناتۆ توركیایان ئاگادار كردەوە، كە هەنگاوێكی لەو شێوەیە نەهاوێت، چونكە سزای دەدەن و رەنگە لە ئەندامبوون لە ناتۆش دووری بخەنەوە. بەڵام رەجەب تەییب ئەردۆغان وەكو عادەتی هەمیشەیی خۆی كە دەڵێ تفێك بخەینە سەر زەوی، كەس بۆی نیە بڵێت ئەو تفە هەڵگرنەوە، بۆیە رووبەڕووی ناتۆ بووەوە و ئەو مووشەكەی كڕی.

هاتنی ئەو مووشەكە بۆ توركیا، زیانی زۆر بە چەكەكانی وڵاتانی ناتۆ دەگەیەنێت. فاتیح ئاڵتایلی رۆژنامەنووسی بەناوبانگی توركیا نووسیویەتی "پێویستە توركیا هەموو ئەو چەكانەی هەیەتی لەناو ئەو سیستەمە تۆماری بكات بە فڕۆكەشەوە، هەروەها ئەو چەكانەی ناتۆش هەیەتی توركیاش هەیەتی، بۆیە لەو رێگەیەوە رووسیا نهێنی هەموو چەكەكانی ناتۆ دەزانێت و بە ئاسانی لە رێگەی ئەو مووشەكەوە كۆنتڕۆڵی چەكەكان دەكات".

رۆژنامەی (خەبەر تورك) بڵاوی كردووەتەوە، توركیا بە كڕینی ئەو مووشەكە دنیای بە خۆیەوە سەرقاڵ كردووە، رەنگە ئیدی وڵاتانی جیهانیش بێنە وەڵام و بە ئارەزووی خۆیان ببنە خاوەنی هەر چەكێك كە بیانەوێت.

ئەمریكا ناتوانێت چاو لەو هەنگاوە گەورەیەی توركیا بپۆشێت، چونكە ئەگەر چاوی لێ بپۆشێت، ئەوكات وڵاتانی ئەندام لە ناتۆش گرێبەست لەگەڵ رووسیا دەكەن و ئەوانیش دەبنە خاوەنی ئەو مووشەكە، یاخود هەر چەكێكی تر كە دەیانەوێت. ئاشكراشە كڕینی چەك لە رووسیا لە لایەن وڵاتانی ئەندام لە ناتۆ، زیانی گەورە لە ئەمریكا دەدات، چونكە چەكەكانی ئەمریكا قورسایی خۆی لە دەست دەدات و رووسیا جێگەی دەگرێتەوە.

هەریەك لە وڵاتانی سعوودیە، قەتەر، هیندستان و عێراقیش داوایان كردووە ببنە خاوەنی مووشەكی بەرگریی S400، بەڵام ئەمریكا رێگری لێ كردوون، وەكو ئەوەی چەند میدیایەكی توركیا باسی دەكەن، ئەگەر ئەمریكا سزای توركیا نەدات، ئەوكات ئەو وڵاتانەش بوێرییان دەبێت و دەبنە خاوەنی ئەو مووشەكە و گرێبەست لەگەڵ رووسیا دەكەن.

فاتیح ئاڵتایلی پێی وایە رەنگە یەكەم سزای ئەمریكا راگرتنی پێدانی فرۆكەی جەنگی F35 نەبێت، بەڵام دڵنیایە ئەمریكا بەبێ سزای توركیا دڵی ئاو ناخواتەوە و لە ماوەیەكی نزیكشدا ئەو سزایە دەخاتە بواری جێبەجێ كردنەوە.

هەر لەگەڵ گەیشتنی ئەو مووشەكە بۆ توركیا، بەهای لیرەی توركی بەرامبەر بە دۆلار زۆر دابەزی، چاوەڕوانیش دەكرێت لەگەڵ یەكەم سزای ئەمریكا بۆ سەر توركیا لیرەی توركی زیاتر داببەزێت.

وەكو ئەوەی چەند میدیایەكی بەریتانیش باسی لێوە دەكەن، ئەمریكا جگە لە سزای ئابووری سزای سەربازیش بەسەر توركیادا دەسەپێنێت، دیارترینیان پرس نەكردنە بە توركیا بۆ دروستكردنی ناوچەیەكی ئارام لە خاكی سووریا.











باسنيوز
Top