بەرپرسی فرۆشتن و بەقاچاخبردنی نەوتی داعش کوژرا
لە ڕاگەیاندراوێکدا کە هێزەکانی سووریای دیموکرات رای گەیاندووە، هێزێکی تایبەت بە هاوکاریکردن لەگەڵ هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە دژی داعش، توانیویانە تیرۆریست (سابت سوبحی فەهد ئەحمەد) بکوژن کە یەکێک بووە لە بەرپرسانی داعش لە ناوچەی (الصور) لە سنووری دێرەزوور.
ئاماژەش بەوە دراوە کە هێزەکان لەو ئۆپەراسیۆنەدا هەوڵی دەستگیرکردنی تیرۆریستەکەیان داوە، بەڵام خۆی بەدەستەوە نەداوە و تەقەی لێ کردوون، بەو هۆیەشەوە هەر لە شوێنی تەقەکردنەکەدا کوژراوە.
هەر بەپێی ئەو ڕاگەیاندراوە، ئەو تیرۆریستە یەکێک بووە لە دیارترین ئەو کەسانەی کە پارەی بۆ داعش پەیدا کردووە و بەرپرسی فرۆشتن و بەقاچاخبردنی نەوتی داعش بووە و بە عەقڵی ئابووریی ڕێکخراوە تیرۆریستییەکە ناسراوە.
باسنيوز
