ترەمپ بەڵێنی دەرکردنی کۆچبەرە نایاساییەکان دەدات
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دەڵێت، ژمارەیەکی زۆر لەوانەی بەشێوەیەکی نایاسایی دەچنە نێو خاکی ئەمریکا یان تاوانبارن یان تێکەڵ بەکاری تاوان دەبن و ئاسایشی وڵاتەکە تێکدەدەن. ئاماژە بەوەشدەکات، دەبێت کۆچبەرە نایاساییەکان بگەڕێندرێنەوە وڵاتەکانیان.
بایرۆن خوال یەکێکە لە هەزاران منداڵی دیکەی وڵاتانی ئەمریکای باشوور و ناوەڕاست، بە بڕیاری ئیدارەی ترەمپ لە دایک و باوکەکانیان جیاکراونەتەوە، ئەوەش لەسەر بنەمای چوونیان بەشێوەیەکی نایاسایی بۆ نێو خاکی ئەمریکا، باوکی دەڵێت "ئەگەر کەسێک بە منی بگوتایە بە واژۆکردنی ئەو بەڵگەنامانە کوڕەکەت لێرە دەمێنێتەوە و لە تۆ جیادەکرێتەوە، هەرگیز واژۆم نەدەکردن، من نازانم رووداوەکان بەرەو کوێ دەڕۆن، بەڵام کوڕەکەم نامەوێت ئەو هەستە لەبیربکەیت من و دایکت، دایک و باوکی تۆین".
ترەمپ ئەو هەواڵانەشی رەتکردەوە گوایە ژیان و گوزەرانی کۆچبەرە دەستگیرکراوەکان خراپە و رایگەیاند: ژیانیان بەراورد بە ژیانی نێو وڵاتەکانیان زۆر باشترە، "ئەو کۆچبەرانە لە هەژارییەکی لەڕادەبەدەرەوە هاتوون نە ئاویان هەبووە و نە هیچ شتێكی دیکە، بۆیە ئێستا خۆشحاڵن کە لێرەن".
هاوکات ئەندامانی کۆنگرێس بەتایبەتی دیموکراتەکان دژ بە هەڵوێست و بڕیارەکانی ترەمپ دەوەستن.
ئێلیجا کەمینگس، ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەران لە پارتی دیموکراتەکان دەڵێت "ئیدارەی ترەمپ بەردەوام دەڵێت هیچ کێشەیەک لەنێو ناوەندەکانی دەستگیرکردندا نییە و منیش دەڵێم ئێمە رازی نابین بەوەی کە چەواشە بکرێین، ئیدارەی ترەمپ دەڵێت کۆچبەرەکان هەموو شتێكیان هەیە لەکاتێکدا وا نییە. دەشڵێت، هیچ جۆرە رەفتارێكی خراپیان لەگەڵدا ناکرێت کە وا نییە و ئێمە رێگەنادەین چەواشە بکرێین".
بەگوێرەی زانیارییەکانی وەزارەتی ئاسایشی ناوخۆی ئەمریکا، لەمانگی حوزەیرانی رابردوودا نزیکەی 95 هەزار کۆچبەری نایاسایی لەسەر سنووری نێوان مەکسیک و ئەمریکا دەستگیرکراون، لەکاتێکدا لە مانگی ئایاردا نزیکەی 133 هەزار کەس دەستگیرکراون و لە نیسانیشدا ئەو ژمارەیە لە 100 هەزار کۆچبەر نزیک بووە.
رووداو
