حزبوڵڵای لوبنانی بەشێک لە هێزەکانی لە سووریا دەکشێنێتەوە
حەسەن نەسروڵڵا، ئەمینداری گشتیی حزبوڵڵای لوبنانی بە کەناڵی (مەنار)ی حزبەکەی راگەیاندووە، رژێمی سووریا ئێستا خۆی گرتووتەوە و چیتر وەک جاران پێویستیی بە چەکدارەکانی حزبوڵڵا نەماوە.
حەسەن نەسروڵڵا بە ئاماژەکردن بەوەی گەمارۆ ئابوورییەکانی ئەمریکا لەسەر ئێران هیچ کاریگەرییەکی نەبووە لەسەر کەمکردنەوەی چەکدارەکانیان لە سووریا، رایگەیاندووە، بەشێک لە چەکدارەکانی حزبەکەی لە سووریا کشاندووەتەوە لوبنان.
حزبوڵڵای لوبنانی، کە میلیشیایەکی چەکدارییە و لەناو لیستی سزاکانی ئەمریکا دایە، چەندین جار رایگەیاندووە، ئێران پاڵپشتیی ماددی و سەربازییان دەکات، لە سەرەتای شەڕی ناوخۆیی سووریاوە پاڵپشتیی رژێمی سووریا دژی گرووپەکانی ئۆپۆزیسیۆن، دەکات.
لە مانگی ئاداری 2011ـەوە شەڕی ناوخۆیی لە سووریا لەنێوان گرووپەکانی ئۆپۆزیسیۆن، رێکخراوە تیرۆریستییەکانی داعش و قاعیدە و رژێمی سووریا دروست بووە.
بەھۆی ئەو شەڕانەوە، کە سەراپای وڵاتەکەی گرتووەتەوە، زیاتر لە پێنج ملیۆن ھاووڵاتیی لە ناوخۆی وڵاتەکە ئاوارە بوون و بەشێکی زۆریشیان پەنایان بۆ هەرێمی کوردستان و وڵاتانی دەوروبەری سووریا و جیھان بردووە، جگە لە کوژرانی زیاتر لە نیو ملیۆن کەس.
باسنيوز
