بەریتانیا کەشتیی جەنگیی دووەم دەنێریتە کەنداوی عەرەبی
شانشینی یەکگرتووی بەریتانیا کەشتیی جەنگیی دووەم دەنێرێتە ئاوەکانی کەنداوی عەرەبی.
رۆژی هەینی 12-7-2019، حکوومەتی بەریتانیا رایگەیاندووە، کەشتیی جەنگیی دانکان، سەر بە هێزی دەریایی بەریتانیا بۆ پاراستنی رێڕەوی کەشتییەکان، دەنێردرێتە کەنداوی عەرەبی.
ناردنی ئەو کەشتییە جەنگییە، کە دەبێتە دووەم کەشتیی جەنگیی بەریتانیا لە کەنداوی عەرەبی، دوای هەوڵێکی سوپای پاسدارانی ئێران بۆ دەست بەسەرداگرتنی کەشتییەکی نەوتهەڵگری بەریتانی دێت.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 11-7-2019، حکوومەتی بەریتانیا رایگەیاندووە، رۆژی چوارشەممە سێ بەلەمی سەر بە سوپای پاسداران لە کەشتییەکی نەوتهەڵگری وڵاتەکەی لە گەرووی هورمز، نزیک بوونەوە.
هەروەک میدیا بەریتانییەکان باسی دەکەن، کەشتییەکی جەنگیی بەریتانی بە ئامێری پەیوەندیی بێ تەل هۆشداریی داوەتە بەلەمە ئێرانییەکان و دەستبەجێ بەلەمەکان دوور کەوتوونەتەوە.
ئەو هەوڵەی سوپای پاسداران دوای ئەوە هات، کە سوپای بەریتانیا لە گەرووی جەبەل تاریق لە دەریای ناوەڕاست، دەستیان بەسەر کەشتییەکی نەوتهەڵگری ئێرانیدا گرت.
باسنيوز
