فەرەنسا و بەریتانیا هێزی زیاتر رەوانەی کوردستان دەکەن
لەسەر داوای ئیدارەی ئەمریکا، فەرەنسا و بەریتانیا هێزی زیاتر رەوانەی کوردستان دەکەن.
ئەمڕۆ چوارشەممە 10-7-2019، رۆژنامەی (گاردیان)ی بەریتانی لە زاری سەرچاوەکانییەوە بڵاوی کردووەتەوە، فەرەنسا و بەریتانیا بە نیازن ژمارەی هێزەکانیان لە رۆژئاوای کوردستان بە رێژەی %10-15 زیاد بکەن.
زیادکردنی هێزەکانی ئەو دوو وڵاتە لەسەر داوای دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکا بە مەبەستی پاڵپشتیکردنی هێزەکانی سووریای دیموکراتی (هەسەدە) بۆ رێگریکردن لە سەرهەڵدانەوەی رێکخراوی تیرۆریستی داعش.
گۆڤاری (فۆڕێین پۆلیسی)ی ئەمریکا زیادکردنی هێزەکانی فەرەنسا و بەریتانیای لە رۆژئاوای کوردستان بە سەرکەوتن بۆ ئیدارەی ئەمریکا بە سەرۆکایەتیی دۆناڵد ترەمپ، ناو بردووە.
پێشتریش ئەمریکا هەمان داوای لە ئەڵمانیا کرد، بەڵام حکوومەتی ئەڵمانیا رەتی کردەوە هیچ هێزێک بنێرێتە رۆژئاوای کوردستان.
هەسەدە هێزێکی سەربازییە و بە پشتیوانیی ئەمریکا بۆ رزگارکردنەوەی ناوچە داگیرکراوەکانی رۆژئاوای کوردستان و سووریا لە رێکخراوی تیرۆریستی داعش، پێکهاتووە. یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە)ی باڵی سەربازیی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) لە رۆژئاوای کوردستان باڵی سەرەکیی ئەو هێزەیە.
باسنیوز
