ئێران: دەستبەسەرداگرتنی کەشتییەکەمان لەلایەن بریتانیاوە بێوەڵام نابێت

ئێران: دەستبەسەرداگرتنی کەشتییەکەمان لەلایەن بریتانیاوە بێوەڵام نابێت
سەرۆك ئەركانی گشتی هێزە چەكدارەكانی ئێران رایگەیاند، دەستبەسەرداگرتنی كەشتیە نەوتیەكەی ئێران لە لایەن بریتانیاوە بێوەڵام نامێنێتەوە، دەشڵێت، "بە دڵنیاییەوە ئێران لە كات و ساتی خۆیدا وەڵامی دەداتەوە".

دەستبەسەرداگرتنی كەشتیە نەوتیەكەی تاران لە لایەن هێزە دەریاییەكانی بریتانیاوە وەڵامی خۆی دەبێت


محەمەد باقری، سەرۆك ئەركانی گشتی هێزە چەكدارەكانی ئێران لەمیانی لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا ئەمڕۆ سێشەممە رایگەیاند، "دەستبەسەرداگرتنی كەشتیە نەوتیەكەی تاران لە لایەن هێزە دەریاییەكانی بریتانیاوە وەڵامی خۆی دەبێت لە كات و ساتی گونجاودا".

ئەو بەرپرسە سەربازیەی ئێران سەبارەت بە پرسی رێككەوتننامە ئەتۆمیەكە و سیاسەتی ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا بەرامبەر بە وڵاتەكەی ئاماژەی بەوەكرد، "سەرەڕای دڵسۆزنەبونی وڵاتانی رۆژئاوا بەرامبەر رێككەوتننامە ئەتۆمیەكە، كۆماری ئیسلامی ئێران ماوەی ساڵێكی تەواو ئارامیگرت تا جیهان بزانێت ئێمە پابەندین بە پەیمانەكانمانەوە".

ئێران پیشانیدا كە جەنگی ناوێت و هیچ نیازێكی نیە بۆ هێرشكردنە سەر ئەوانی دیكە


وتیشی، "ئێران پیشانیدا كە جەنگی ناوێت و هیچ نیازێكی نیە بۆ هێرشكردنە سەر ئەوانی دیكە، لە بەرامبەریشدا دوژمن پەیمانەكانی خۆی شكاند، بەڵام ئێمە چەند مانگە ستراتیجیەكی نوێمان پەیڕەوكردوە كە لەژێر دروشمی (بەرگری كارا)دا كاردەكات و دەریدەخات كە ئێران نە جەنگ دەكات و نە پێشوازیش لە جەنگ دەكات".

سەبارەت بە ئەگەری ئەنجامدانی دانوستان باقری رایگەیاند، "لە ئێستادا ئەنجامدانی دانوستان بە واتای خۆرادەستكردن و ملكەچبون دێت كە ئێمە رەتیدەكەینەوە، لەم قۆناغەدا هیچ دانوستانێك رونادات".







خەندان-
Top