تاڵیبان و حکوومەتی ئەفغانستان نەخشەڕێگایەکی ئاشتی ئامادە دەکەن

 تاڵیبان و حکوومەتی ئەفغانستان نەخشەڕێگایەکی ئاشتی ئامادە دەکەن
بزووتنەوەی تیرۆریستی تاڵیبان و حکوومەتی ئەفغانستان نەخشەڕێگایەک بۆ بەرقەرارکردنی ئاشتی لەو وڵاتە، ئامادە دەکەن.

رۆژی دووشەممە 8-7-2019، نزیکەی 70 کەسایەتیی سەر بە تاڵیبا، حکوومەتی ئەفغانی و چالاکوانانی مەدەنیی ئەو وڵاتە لە دەوحەی پایتەختی قەتەر کۆ بوونەوە.

ئەو کەسایەتییە ئەفغانییانە لە بەیاننامەی کۆتایی کۆبوونەوەکە، بەڵێنیان داوە نەخشەڕێگایەک بۆ بەرقەرارکردنی ئاشتی لە ئەفغانستان ئامادە بکەن.

تاڵیبان، حکوومەت و چالاکوانەکانی ئەفغانستان لەسەر چەند پرسێک رێک کەوتوون، کە بریتین لە؛

- دانانی سنوورێک بۆ توندوتیژی.

- کارکردن بۆ گەڕاندنەوەی ئاوارەکان بۆ سەر ماڵ و حاڵی خۆیان.

- رەتکردنەوەی دەستوەردانی دەرەکی.

- گەرەنتیکردنی کارکردنی ژنان لە بوارەکانی سیاسەت، کۆمەڵایەتی، ئابووری، پەروەردە و رۆشنبیری بەپێی بنەماکانی ئاینی ئیسلام.

ئەو کۆبوونەوەیەی لایەنە ئەفغانییەکان هەنگاوێکی ئەمریکایە بۆ رێککەوتن لەگەڵ تاڵیبان لە ماوەی سێ مانگی داهاتوو، بۆ دەستکردن بە کشاندنەوەی هێزە ئەمریکییەکان لەو وڵاتە.

تاڵیبان بزووتنەوەیەکی ئیسلامیی توندڕەوەی ئەفغانییە، پەیوەندییەکی بەهێزی لەگەل رێکخراوی تیرۆریستی قاعیدە هەیە و بە یەکێک لە رێکخراوە تیرۆریستییەکان دادەندرێت.

تاڵیبان لە ساڵی 1994 دروست بووە و لە ساڵی 1996 دەستی بەسەر حوکمڕانیی ئەفغانستاندا گرت و بەهۆی پاڵپشتیکردنی رێکخراوی تیرۆریستیی قاعیدە، ئەمریکا لە ساڵی 2001 حوکمڕانیی تاڵیبانی رووخاند.









باسنیوز
Top