ئێران هەڕەشەی تۆڵەکردنەوە لە بەریتانیا دەکات

ئێران هەڕەشەی تۆڵەکردنەوە لە بەریتانیا دەکات
فەرماندەیەکی سوپای پاسداران هەڕەشەی تۆڵەکردنەوە لە وڵاتی بەریتانیا لە بەرامبەر دەستبەسەر کردنی کەشتییەکی نەوتهەڵگری ئێرانی دەکات.

رۆژی پێنجەشەممەی رابردوو 04/07/2019، هێزی دەریاوانی بەریتانیا لە نزیک هەرێمی گیبرالتاری سەر بە وڵاتی بەریتانیا دەستیان بەسەر کەشتییەکی نەوتهەڵگردا گرت کە ئاڵای وڵاتی پانەمای لەسەر دەشەکایەوە و هەڵگری نەوتی ئێرانی بوو.

کەشتییەکە نەوتەکەی دەبرد بۆ وڵاتی سووریا، ئەو کارەش لە لایەن یەکێتی ئەوروپاوە بەهۆی جەنگی ناوخۆی سووریاوە ئابڵووقەی خراوەتە سەر.
موحسین رەزای، فەرماندە لە سوپای پاسداران، لە تویتێکدا نووسیویەتی: "ئەگەر بەریتانیا کەشتییەکە ئازاد نەکات، بەرپرسانی پەیوەندیداری ئێران وەڵامیان دەبێت و کەشتییەکی نەوتهەڵگری بەریتانیا دەستبەسەر دەکەن".

بەریتانیا بڕیارداوە بۆ ماوەی 14 رۆژ ئەو کەشتییە لای هێزە ئەمنییەکانی رابگرێت تاکو لێکۆڵینەوەی لەسەر بکات، دڵنیا بێت لەوەی یاساکانی یەکێتی ئەوروپای نەشکاندووە.

لای خۆیەوە، وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە راگەیندراوێکدا ئاماژەی بەوەداوە، بە باڵیۆزی بەریتانیا لە ئێران راگەیندراوە کە ئەو کارەی بەریتانیا "مایەی قبووڵ" نییە و داواکراوە کەشتییەکە بە زووترین کات ئازاد بکرێت چونکە لەسەر داوای ئەمەریکا کەشتییەکە دەستیبەسەردا گیراوە.

بەگوێرەی هەواڵێکی رۆژنامەی دۆیچە ڤێلەی ئەڵمانی، کەشتییەکە 330 مەتر درێژە و ئاڵای وڵاتی پانەمای لەسەر بووە، هێزە دەریاوانییەکەی بەریتانیاش گومانیان هەیە ئەو کەشتییە نیازی هەبووە، نەوتەکە بۆ سووریا ببات.

بەگوێرەی بەڵگەنامەکانی کەشتییەکە، کەشتییەکە لە عێراق نەوتی تێکراوە، بەڵام هێڵەکانی چاودێری Tracking data ئاشکرایان کردووە، ئەو کەشتییە لە ئێران لە نەوت بارکراوە.

بەهۆی سزاکانی ئەمەریکا بۆ سەر ئێران، کڕینی نەوتی ئێران لە بازاڕەکانی جیهاندا قەدەخەکراوە و ئەمەش وای لە کۆماری ئیسلامی ئێران کردووە، رێگای دیکە بۆ فرۆشتنی نەوتەکەی بگرێتە بەر.






K24 –
Top