ترەمپ بۆ رۆحانی: چاوەڕێی لێدانێکی بێ هاوشێوە بن

 ترەمپ بۆ رۆحانی: چاوەڕێی لێدانێکی بێ هاوشێوە بن


سەرۆکی ئەمریکا هەڕەشەیەکی توند لە کۆماری ئیسلامیی ئێران دەکات و رایدەگەیەنێت، کە ئێران رووبەڕووی لێدانێک دەبێتەوە، کە لە مێژوودا هاوشێوەی نەبووبێت.

رۆژی چوارشەممە 3-7-2019، حەسەن رۆحانی، سەرۆک کۆماری ئێران رایگەیاند، ئەگەر رێککەوتنێکی دیکەی ئەتۆمی لەگەڵ وڵاتەکەی نەکرێ، ئەوا تاران دەست دەکاتەوە بە پیتاندنی یۆرانیۆم.

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، لە هەژماری تایبەتیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (تویتەر) وەڵامی ئەو لێدوانەی حەسەن رۆحانی داوەتەوە و پێی رایگەیاندووە، ”ئاگاداری هەڕەشەکانت بە“.

دۆناڵد ترەمپ بە دووری نەزانیوە ئەو هەڕەشانەی ئێران لە دژی خۆی هەڵبگەڕێنەوە و رایگەیاندووە، ”رەنگە“ بەهۆی ئەو هەڕەشانەوە، ئێران رووبەڕووی لێدانێکی وەها ببێتەوە، کە لە مێژوودا هاوشێوەی نەبووە.

دوای کشانەوەی ئەمریکا لە رێککەوتنی ناوکی لەگەڵ ئێران، واشنتن چەندین سزای توندی بەسەر تاراندا سەپاند، کە زەقترینیان بریتین لە ناساندنی سوپای پاسدارانی ئێران وەک رێکخراوێکی تیرۆریستی و رێگریکردن لە فرۆشتنی نەوتی ئێران.

شەوی 8/5/2018، دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکا بڕیاری کشانەوەی وڵاتەکەی لە رێککەوتنی ناوکیی ئێران و وڵاتانی پێنج + یەک، واژۆ کرد.

دوای کشانەوەی ئەمریکا لە رێککەوتننامەی ناوکی و سەپاندنی چەندین سزا بەسەر ئێران، دۆناڵد ترەمپ هەڕەشەی لە هەموو ئەو وڵات و لایەنانە کرد، کە یان دەبێ بچنە بەرەی ئێران یاخود پابەندی سزاکانی ئەمریکا بن بەسەر ئێران.

رێککەوتنی ناوکیی ئێران و وڵاتانی پێنج + یەک لە سەرەتای نیسانی 2015 لە شاری لۆزان لە سویسڕا واژۆ کرا، کە بەپێی ئەو رێککەوتنە ئێران دەستبەرداری دروستکردنی چەکی ناوکی دەبێت و ئەمریکاش سزاکانی لەسەر ئەو وڵاتە سووک دەکات.

وڵاتانی پێنج + یەک بریتین لە پێنج وڵاتی ئەندامی هەمیشەیی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی (ئەمریکا، فەرەنسا، رووسیا، بەریتانیا و چین) و ئەڵمانیا پێک دێت.








باسنیوز
Top