ئەردۆغان: لە ماوەی 10 رۆژدا مووشەكی بەرگریی S400 دەگاتە توركیا

 ئەردۆغان: لە ماوەی 10 رۆژدا مووشەكی بەرگریی S400 دەگاتە توركیا
رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆك كۆماری توركیا، ئاشكرای دەكات لە ماوەی ١٠ رۆژدا مووشەكی بەرگریی S400 دەگاتە توركیا و لەو ڕوەشەوە ئەمریكا هیچ كێشەیەكی نییە و نەشیگوتوە سزای ئابووریی توركیا دەدەین.



ئەردۆغان لە كاتی گەڕانەوەیدا لە كۆبوونەوەی لووتكەی G20 لە ژاپۆن، لەناو فڕۆكە وەڵامی پرسیاری رۆژنامەنووسانی دایەوە و لەبارەی كۆبوونەوەی لەگەڵ دۆناڵد ترامپ چەند زانیاریەكی ئاشكرا كرد كە دڵخۆشكەرن بۆ توركیا.



ئەرۆدغان لەبارەی كڕینی مووشەكی بەرگریی S400 لە ڕووسیا گوتی: "لە ماوەی ١٠ رۆژدا ئەو مووشەكە دەگاتە توركیا، لەو ڕوەشەوە هیچ كێشەیەكمان نییە و دۆناڵد ترامپیش پاڵپشتیی خۆی بۆ توركیا دەربڕی لە كڕینی ئەو مووشەكە و كڕینی فڕۆكەی جەنگی F35 لە ئەمریكا".



لەبارەی ئەوەی ئاخۆ ئەگەر توركیا ببێتە خاوەنی ئەو مووشەكە بەرگرییە، ئەمریكا سزای ئابووری بەسەردا ناسەپینێت؟ ئەردۆغان ئاماژەی دا كە ترامپ لەو ڕوەوە هیچ شتێكی نەگوتووە و بە هیچ شێوەیەكیش باسی لە سزای ئابووری نەكردووە.



ئەردۆغان باسی لەوەش كردووە كە بە ترامپی گوتووە یەك ملیار و ٤٠٠ ملیۆن دۆلاریان داوەتە ئیدارەی ئەمریكا بۆ كڕینی فڕۆكەی جەنگی F35 ، بەڵام تاكوو ئێستا ئەو فڕۆكەیە نەدراوەتە توركیا.



گوتیشی: "بە ترامپم گوت تۆ پارەكەت لە توركیا وەرگرتووە، بەڵام ماڵەكەت نەداوەتە توركیا، شتی وا چۆن دەبێت. داواشم لێ كرد توركیا دەتوانێت سیستەمی بەرگری پاتریۆتی ئەمریكی بكڕێت، بەو مەرجەی كێشە بۆ مووشەكی بەرگری S400 دروست نەكات".






باسنیوز
Top