حکوومەتی لیبیا لەبارەی راگەیاندنی شەڕ لە دژی تورکیا بەیاننامەیەک دەردەکات

 حکوومەتی لیبیا لەبارەی راگەیاندنی شەڕ لە دژی تورکیا بەیاننامەیەک دەردەکات


ئەنجومەنی سەرۆکایەتیی حکوومەتی ویفاقی نیشتمانیی لیبیا لەبارەی راگەیاندنی شەڕ لە دژی تورکیا، بەیاننامەیەک دەردەکات.

لە بەیاننامەکەدا، ئەنجومەنەکە سەرکۆنەی راگەیاندنی شەڕی لەلایەن سوپای نیشتمانیی لیبیا لە دژی تورکیا کردووە و رایگەیاندووە، تورکیا دۆستی لیبیایە.

ئەنجومەنی سەرۆکایەتیی حکوومەتی ویفاقی نیشتمانیی لیبیا بەرپرسیارێتیی هەر زیانگەیاندنێک بە بەرژەوەندییەکانی ”وڵاتانی دۆست“ دەخاتە ئەستۆی سوپای نیشتمانی و سەرکردایەتییەکەی و رایگەیاندووە، ”رێگای خۆمان هەیە بۆ بەرپەرچدانەوەی ئەو هەڕەشانە“.

هەروەک لە بەیاننامەکەدا هاتووە، ئەنجومەنەکە داوای لە نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کردووە هەڵوێستی خۆیان لەبارەی ئەو هەڕەشانە، بڵاو بکەنەوە.

پێشتر ئەحمەد مسماری، گوتەبێژی سوپای نیشتمانیی لیبیا، کە مشیر خەلیفە حەفتەر سەرۆکایەتیی سوپاکە دەکا، بەهۆی پاڵپشتیی تورکیا لە حکوومەتی ویفاقی نیشتمانیی لیبیا، شەڕی لە دژی تورکیا راگەیاند.

حکوومەتی ویفاقی نیشتمانی بە کۆدەنگیی هەموولایەنە لیبییەکان پێکهاتووە، لەلایەن سەرکردەکانی سەر بە رەوتی ئیخوان موسلیمین سەرۆکایەتی دەکرێ و پارتی داد و گەشەپێدان (ئاکەپە)ی دەسەڵاتداری تورکیا، کە رەجەب تەییب ئەردۆغانی سەرۆک کۆماری تورکیا سەرۆکایەتی دەکات، پارتێکی سەر بە رەوتی ئیخوان موسلیمینە.

دوای کودەتای عەبدولفەتاح سیسی بەسەر محەمەد مورسیی سەرۆک کۆماری میسر لە ساڵی 2013، کە مورسی سەرکردەیەکی باڵای رەوتی ئیخوان موسلیمین بوو، ئەو رەوتە لە میسر خرایە ناو لیستی تیرۆر و دواتریش وڵاتانی سعودیە و ئیمارات ئەو رەوتەیان وەک رێکخراوێکی تیرۆریستی ناساند.












باسنیوز
Top