ترەمپ: بۆ دانوستان لەگەڵ ئێران هیچ پەلەم نییە
سەرۆک کۆماری ئەمریکا لە لێدوانێکدا بۆ کەناڵی (فۆکسنیوز) گوتی: "لە ئەگەری هێرشی سەربازی بۆ سەر ئێران، پێویست بە هێزی زەمینی ناکات و "هیچ سەربازێک پۆستاڵی ناکەوێتە سەر زەوی".
ئەم قسانەی دۆناڵد ترەمپ لە کاتێکدان کە عەلی خامنەیی ڕێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران لە کاردانەوەی بە سزا و گەمارۆکانی ئەمریکا بۆ سەر خۆی و دامودەزگاکانی گوتی: "ئەمریکییەکان ناوێرن بێنە پێشەوە و لە ئیرادەی خەڵکی ئێران ترساون و ئەوەش کە باسی دانوستان دەکەن هەموو فریوکارییە".
دۆناڵد ترەمپ هاوکات لەگەڵ ئەوەی کە باسی ئەگەری روودانی جەنگ لەگەڵ ئیران دەکات، لەبارەی گفتوگۆ و دانوستان لەگەڵ ئێران ڕای گەیاندووە: "ئەگەر بەرپرسانی ئێران ڕێککەوتن نەکەن، خۆبەزلزان و گەمژەن و بۆ دانوستان لەگەڵ ئێران هیچ کاتێکی دیاریکراومان نییە و هیچ پەلەشم نییە".
گرژی و ئاڵۆزییەکانی نێوان تاران و واشنتۆن کە ماوەی دوو مانگە تەشەنەیان سەندووە، پاش تێکشکانی فڕۆکەیەکی بێ فڕۆکەوانی ئەمریکی لەلایەن ئێرانەوە لە نزیک ئاوەکانی کەنداو، ئەم گرژییانە زیاتر بوون و ئەمەش بووەتە هۆی ترس و نیگەرانیی وڵاتانی ناوچە و جیهان.
باسنيوز
