حکوومەتی ڤەنزوێلا هەوڵی تیرۆرکردنی سەرۆکی وڵات ئاشکرا دەکات
حکوومەتی ڤەنزوێلا هەوڵێکی تیرۆرکردنی سەرۆکی وڵات ئاشکرا دەکات و تۆمەتبارەکانیش ئاشکرا دەکات.
حکوومەتی ڤەنزوێلا لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاندووە، رۆژی چوارشەممە 26-6-2019، هەوڵ درا نیکۆڵاس مادۆرۆ، سەرۆکی وڵات، تیرۆر بکرێ و کودەتایەک ئەنجام بدرێ.
خۆرخی رۆدریگیز، وەزیری راگەیاندنی ڤەنازوێکا رایگەیاندووە، ژمارەیەک سەرباز بە سەرکردایەتیی جەنەڕالێک پلانی ئەنجامدانی کودەتا و کوشتنی نیکۆڵاس مادۆرۆییان داوە، بەڵام پێش روودانیان، پلانەکان ئاشکرا کراوە و دەستگیر کراون.
خۆرخی رۆدریگیز هەروەها رایگەیاندووە، ئەو سەربازانە پلانیان دانابوو لە رۆژانی یەکشەممە و دووشەممەی رابردوو کودەتاکەیان ئەنجام بدەن.
وەزیری راگەیاندنی ڤەنزوێلی هەروەها رایگەیاند، کە ئەمریکا، کۆڵۆمبیا و چیلی لە پشت ئەو هەوڵەی ئەنجامدانی کودەتا بوون.
ئێوارەی رۆژی چوارشەممە 23-1-2019، خوان گوایدۆ، سەرۆکی پەرلەمانی ڤەنزوێلا خۆی وەک سەرۆکی وڵاتەکەی بە وەکالەت ناساند و رایگەیاند، نیکۆڵاس مادۆرۆ چیتر سەرۆکایەتیی وڵات ناکات.
تا ئێستا وڵاتانی ئەمریکا، رێکخراوی وڵاتانی ئەمریکا، بەرازیل، پاراگوای، کۆڵۆمبیا، کەنەدا، پیرۆ، یەکێتیی ئەوروپا، فەرەنسا، بەریتانیا، ئیسپانیا، سوید، نەمسا و دانیمارک پشتگیریی خوان گوایدۆ دەکەن و وڵاتانی مەکسیک، کوبا، رووسیا، تورکیا و ئێرانیش تەنیا نیکۆڵاس مادۆرۆ بە سەرۆک دەزانن.
باسنیوز
