حەسەن رۆحانی: ئەمریکا تەواوی گەلی ئێرانی خستوەتە ژێر گوشارەوە
حەسەن رۆحانی، سەرۆك كۆماری ئێران لەمیانی لێدوانێكی تەلەفزیۆنیدا ئەمڕۆ سێشەممە رایگەیاند، "كۆشكی سپی هزری كێشەی تێدایە، چونكە هەموو رۆژێك روبەروی كێشەیەك دەبێتەوەو ئێران بەرامبەر هەڵوێستەكانی واشنتن بە شێوەیەك یستراتیجی ئارامدەگرێت، بەڵام لە هیچ شتێكیش ناترسێت".
ئاماژەی بەوەشكرد، "سزاكانی ویلایەتە یەكگرتوەكان بۆ سەر ئێران شكست دەهێنێت، كۆشكی سپی شێتە و فشارەكانیان رەنگدانەوەی بێهیوابونیانە".
سەبارەت بە دوا بڕیاری ترەمپ بۆ سەپاندنی سزا بەسەر ئایەتوڵا عەلی خامنەیی، رابەری باڵای شۆڕشی ئێران، رۆحانی وتی، "سەپاندنی سزا بەسەر رابەری باڵای وڵاتەكەماندا بێسودە، چونكە لە دەرەوەی وڵات خاوەنی هیچ ئەژمارێكی بانكی نیە".
سەرۆكی ئێران لە وتەكانیدا راشیگەیاند، "ئەمریکا سەلماندی كە لە پەیمان و وتەكانیاندا درۆزنن و دەشیانەوێت دانوستان ئەنجامبدەین".
لەبارەی خستنەخوارەوەی فڕۆكە بێفڕۆكەوانە ئەمریكیەكەوە رۆحانی رایگەیاند، "وەڵامی ئێران بۆ سنوربەزاندنی فڕۆكە ئەمریكیەكە لە ماوەی چەند خولەكێكدا بو، ئەو كارەش بە سیستەمێك ئەنجامدرا كە لەناوخۆدا بەرهەمهێنرابو".
وتەكانی رۆحانی، لە وەڵامی بڕیارەكەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكادا دێت، كە دوێنێ دوشەممە بەپێی ئەو بریارە سزای نوێی بەسەر ئێراندا سەپاند و سزا نوێیەكانیش ئایەتوڵا خامنەیی، رابەری باڵای شۆرشی ئێران بەئامانج دەگرێت.
لە بڕیارەكەدا هاتوە، "رێگریدەكەن لەوەی هەریەك لە رابەری باڵای ئێران و نوسینگەكەی، لەگەڵ ئەو كەسانەی لە نزیكەوە پەیوەندیان هەیە بە خامنەیی-ەوە پشتگیری ماددیان بەدەست بگات".
خەندان
