جۆن بۆڵتن: ئێران هۆکاری کیشەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستە
راوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریکا رایدەگەیەنێت، کە کۆماری ئیسلامیی ئێران هۆکاری کێشەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستە.
ئەمڕۆ سێشەممە 25-6-2019، کۆبوونەوەی راوێژکارانی ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریکا، رووسیا و ئیسرائیل لە ئۆرشەلیم (قودس)ی پایتەختی ئیسرائیل، بەڕێوە چوو.
لەو کۆبوونەوەیەدا، کە بە ئامادەبوونی بنیامین نەتانیاهۆی سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل ئەنجام دەدرێ، هەرسێ لایەن تاوتوێی بارودۆخی ئەمنیی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و فراوانبوونی هەژموونی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە سووریا، دەکرێت.
جۆن بۆڵتن، راوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریکا، لە کۆبوونەوەکە رایگەیاندووە، ئێران هۆکاری کێشەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستە و پاڵپشتیی ”میلیشیا تیرۆریستی و کردە پیسەکانیان“ دەکات.
راوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریکا ئاماژەی بەوەش کردووە، کە ئێران پاڵپشتیی میلیشیاکانی عێراق، میلیشیای ئەنساروڵڵای یەمەن و حزبوڵڵای لوبنان دەکات، هەروەها هەوڵ دەدا پاڵپشتیی میلیشیا ئەفغانییەکان دژی ئەمریکا، بکات.
هەر لە کۆبوونەوەکەدا، نیکۆڵای پێترۆشیڤ، راوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی رووسیا بە پێچەوانەی ئەمریکا، رایگەیاندووە، ئێران لەگەڵ رووسیا لە سووریا شەڕی دژی تیرۆر دەکات.
نیکۆڵای پێترۆشیڤ دڵنیایی داوەتە ئیسرائیل، لەوەی وڵاتەکەی رێگا نادات ئێران مەترسیی بخاتە سەر ئەو وڵاتە و رایگەیاندووە، ”دەمانەوێ ئیسرائیک لە ئاسایش و ئارامیدا بێت“.
باسنيوز
