ئێران: گەمارۆی سەر خامنەیی و زەریف بە واتای داخستنی دەرگای دیپلۆماسییە
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە کاردانەوە بە دوایین بڕیاری گەمارۆکانی ئەمریکا بۆ سەر ئێران ئاشکرای دەکات گەمارۆخستەن سەر خامنەیی و محەمەدجەواد زەریف بە واتای داخستنی یەکجارەکیی دەرگای دیپلۆماسییە.
پاش ئەوەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆک کۆماری ئەمریکا بە فەرمی گەمارۆی خستە سەر عەلی خامنەیی ڕێبەری کۆماری ئیسلامی و محەمەدجەواد زەریف، وەزیری دەرەوە و چەند فەرماندەیەکی باڵای سەربازی، عەباس مووسەوی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ڕای گەیاند: "گەمارۆ بێئەنجامی ڕێبەری ئێران وفەرماندەی دیپلۆماسی، بە واتای داخستنی یەکجارەکیی ڕێکاری دیپلۆماسییە لەگەڵ واسنتۆن".
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆک کۆماری ئەمریکا، دوێنێ دووشەممە 2019.6.25 فەرمانێکی واژۆ کرد کە تێیدا عەلی خامنەیی ڕێبەری کۆماری ئیسلامی، یان هەر کەسێک کە لەلایەن ئەوەوە وەک بەرپرسی باڵای حکوومەتی دانراوە، یان بەڕێوەبەری دامەزراوە لە ناوخۆی ئێران، یان دەرەوەی ئێرانی خستە لیستەی گەمارۆکانییەوە".
هەر لەمبارەوە ستیۆ منووچن، وەزیری خەزێنەداریی ئەمریکاش بە میدیاکانی ڕاگەیاندووە: "ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا هاوکات لەگەڵ گەمارۆی ڕێبەری ئێران و محەمەد جەواد زەریف، وەزیری دەرەوە، هەشت فەرماندەی دیکەی سوپای پاسدارانیشی خستووەتە گەمارۆکانەوە".
عەباس مووسەوی گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە پێگەی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (تویتەر) ئەمڕۆ سێشەممە نووسیویە: "دۆناڵد ترەمپ خەریکی تێکدان و لەناوبردنی هەموو ڕێکارە شیاوە نێودەوڵەتییەکانی پاراستنی ئاشتی و سەقامگیریی جیهانە".
باسنیوز
