ئێران: هەموو رێگا دیبلۆماسییەکان لەگەڵ ئەمەریکا داخران
دوێنی دووشەممە 24/06/2019، دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمەریکا، سزای خستە سەر خامنەیی و بە هۆکاری ناسەقامگیرییەکانی ناوبرد، بڕیارەیشە هەر لەم هەفتەیە، سزا بخاتە سەر جەواد زەریف، وەزیری دەرەوەی ئێران.
عەباس موسەوی، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە وەڵامی ئەو هەوڵەی ئەمەریکا لە تویتێکدا دەڵێت: "سەپاندنی سزای بێ سوود بەسەر رێبەری کۆماری ئیسلامی ئێران و وەزیری دەرەوە، بە واتای داخستنی هەمیشیەیی رێگاکانی دیبلۆماسی دێت".
دەشڵێت: "ئیدارەی ترەمپ، مێکانیزمە نێودەوڵەتییەکان بۆ پاراستنی سەقامگیریی و ئاسایش تێکدەدەن".
نێوانی واشنتن و تاران بەهۆی خستە خوارەوەی فڕۆکەیەکی بێ فڕۆکەوانی ئەمەریکا گرژی زۆری تێکەوتووە و کار گەیشتە ئەوەی، ترەمپ نزیک ببێتەوە لە بەکارهێنانی وەڵامێکی سەربازیی.
بە گووتەی بەرپرسانی کۆشکی سپی، ئەمەریکا سزای خامنەیی و زەریف بۆیە دەدات، تاکو سەرچاوە داراییەکانی ئەو دوو بەرپرسە باڵایەی ئێران بلۆک بکات.
K24
