ترەمپ سزای دارایی بەسەر خامنەیی و هەشت بەرپرسی باڵای ئێرانیدا سەپاند
سەرۆکی ئەمریکا سزای دارایی بەسەر رێبەری باڵای کۆماری ئیسلامیی ئێران و ەشت بەرپرسی باڵای ئەو وڵاتەدا، سەپاند.
رۆژی دووشەممە 24-6-2019، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، بە ئامادەبوونی مایک پێنسی جێگری خۆی و ستیڤن منۆشن، وەزیری خەزێنەی ئەمریکا، بڕیارەکەی واژۆ کرد.
سزاکە بەسەر ئایەتوڵڵا عەلی خامنەیی، رێبەری باڵای ئێران و نووسینگەکەی، لەگەڵ هەشت بەرپرسی دیکەی باڵای ئەو وڵاتە، سەپێندراوە.
بەپێی ئەو سزایە، ئەمریکا رێگا نادا عەلی خامنەیی و ئەو بەرپرسە ئێرانییانە دەستیان بە کەلوپەلە داراییەکان رابگات.
بەپێی زانیارییە میدیاییەکان، هەفتەی داهاتووش محەمەدجەواد زەریف، وەزیری دەرەوەی ئێران دەخرێتە ناو لیستێکی دیکەی سزاکانی ئەمریکا.
باسنیوز
