ئەمریكا داوای گفتوگۆ دەكات و ئێرانیش فشارەكان رەتدەكاتەوە
لە ئەگەی رودانی هەر پێكدادانێك لە ناوچەی كەنداو، كارەكان لەژێر كۆنتڕۆڵ دەردەچن
بەرپرسێكی باڵای ئێران لەبارەی گرژیی و ئاڵۆزیەكانی نێوان ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا و ئێران هۆشداریدا و رایگەیاند، "لە ئەگەی رودانی هەر پێكدادانێك لە ناوچەی كەنداو، كارەكان لەژێر كۆنتڕۆڵ دەردەچن و دەبێتە هەڕەشە بۆ سەر گیانی سەربازانی ئەمریكا".
دوا بەدوای ئەو لێدوانەی بەرپرسەكەی ئێران، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا لەمیانی لێدوانێكی تەلەفزیۆنیدا بۆ كەناڵی NBCی ئەمریكی رایگەیاند، "هەوڵنادەم جەنگ بەرپا بكەم".
پێموایە ئێران دەیەوێت دانوستان ئەنجامبدات، بە بڕوای من دەیانەوێت رێككەوتنێك ئەنجامبدەن
لە وەڵاێكی پرسیارێكدا سەبارەت بەویست و خواسی ئێران ترەمپ وتی، "پێموایە ئێران دەیەوێت دانوستان ئەنجامبدات، بە بڕوای من دەیانەوێت رێككەوتنێك ئەنجامبدەن، لە چوارچێوەی رێككەوتنێكی ئەتۆمی لەگەڵ مندا، ناتوانن چەكی ئەتۆمی بەدەستبهێنن، پێم وانیە ئەوان ئەو دۆخەی ئێستای خۆیان لا پەسەندبێت، ئابوریەكەیانبە تەواوی لاوازبوە".
واشنتن ئامادەیە بێ مەرجی پێشوەخت لەگەڵ تاران گفتوگۆ ئەنجامبدات
هەر لەوبارەیەوە مایك پۆمپیۆ، وەزیری درەوەی ولایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا دوێنێ یەكشەممە لەمیانی لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، "واشنتن ئامادەیە بێ مەرجی پێشوەخت لەگەڵ تاران گفتوگۆ ئەنجامبدات".
لە ماوەی هەفتەی رابردوەوە، خستنەخوارەوەی فڕۆكەیەكی بێفڕۆكەوانی ئەمریكی لە لایەن ئێرانەوە بوەهۆی زیاتربونی گرژیی و ئاڵۆزیەكانی نێوان هەریەك ئەمریكا و ئێران.
خەندان
