ستراتیژێکی نوێ بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئێران دادەڕێژرێت

 ستراتیژێکی نوێ بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئێران دادەڕێژرێت


راوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریکا ئامادەکاریی بۆ کۆبوونەوەیەکی لوتکەی جیهانی لە دژی کۆماری ئیسلامیی ئێران، دەکات.

ئەمڕۆ یەکشەممە 23-6-2019، بنیامین نەتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل لە پرێس کۆنفڕانسێکدا لەگەڵ جۆن بۆڵتن، راوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریکا، لە ئۆرشەلیم (قودس)ی پایتەختی ولاتەکەی، رایگەیاند، کۆبوونەوەکە رۆی سێشەممە 25-6-2019 لەئۆرشەلیم ساز دەکرێت.

کۆبوونەوەکە کۆبوونەوەی لوتکەی ئەمریکا، رووسیا و ئیسرائیل دەبێت و جۆن بۆڵتنیش رایگەیاند، لەو کۆبوونەوەیەدا، ستراتیژی نوێی ناوچەکە دژی ئێران، تاوتوێ دەکەن.

سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل و راوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریکا جەختیان لەوە کردەوە، کە ئێران پاڵپشتیی گرووپ و میلیشیا چەکدارییەکانی لوبنان، سووریا، عێراق و یەمەن دەکات و بەردەوامە لە فراوانکردنی هەژموونی خۆی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بڵاوکردنەوەی تیرۆر.

جۆن بۆڵتن هەروەها رایگەیاند، کە ئێران لەڕێی میلیشیا شیعەکان بە تایبەت لە سووریا و عێراق مەترسیی دەخاتە سەر بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا، ”ئێران وڵاتێک نییە بۆ گفتوگۆ و ئاشتی، بەڵکو وڵاتێکی بۆ تیرۆر“.






باسنیوز
Top