واشنتن داوادەكات ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی كۆبونەوەیەكی داخراو ئەنجامبدات
ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا، ئەمڕۆ هەینی دوایكرد، بە مەبەستی كۆتا پێشهاتەكان تایبمت بە ئێران، ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی دوشەممەی داهاتو، 24ی حوزەیران كۆبونەوەیەكی داخراو ئەنجامبدات.
نێردەی ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا لە نەتەوە یەكگرتوەكان> راگەیندراوێكی ئاراستەی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی كرد و لە راگەیەنرداوەكەدا وتی "لە كۆبونەوەكەدا كورتەیەك دەربارەی كۆتا پێشهاتەكانی تایبمت بە ئێران دەخەینە بەردەست ئەنجومەنەكە".
ئاماژەی بەوەشكرد، "لەسەر بنەمای لێكۆڵینەوەكانمان سەبارەت بە هێرشی سەر كەشتیە نەوتهەڵگرەكانی كەنداوی عومان زانیاری زیاتر دەخەینەڕو".
داواكاریەكەی واشنتن بۆ ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی دوای ئەوەدێت، دوێنێ پێنجشەممە، سوپای پاسدارانی ئێران رایگەیاند، دوای ئەوەی فڕۆكەیەكی بێفڕۆكەوانی ئەمریكی سنورەكانی وڵاتەكەیانی بەزاندوە، هێزی بەرگری ئاسمانی سوپاكەیان فڕۆكەكەی خستوەتە خوارەوە.
ئەو هەڵوێستەی ئێران بوە هۆی زیاتركردنی گرژی و ئاڵۆزیەكانی نێوان ویلایەتە یەكگرتوەكان و ئەو وڵاتە، هاوكات كاردانەوەیەكی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا و لە ئێستادا وڵاتانی ئەوروپا و نەتەوە یەكگرتوەكان داوادەكەن هەردولا تا دەتوانن دان بە خۆیاندا بگرن.
خەندان-
