وەزارەتی دەرەوەی میسر بە توندی وەڵامی ئەردۆغان دەداتەوە
وەزارەتی دەرەوەی میسر بە توندی وەڵامی سەرۆک کۆماری تورکیا دەداتەوە.
دوای کۆچی دوایی محەمەد مورسی، سەرۆک کۆماری پێشووی میسر، رەجەب تەییب ئەردۆغانی سەرۆک کۆماری تورکیا رایگەیاندبوو، کە مورسی بە مردنی ئاسایی نەمردووە و تورکیا هەوڵی دادگاییکردنی میسر دەدات.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 20-6-2019، وەزارەتی دەرەوەی میسر لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاندووە، ئەو لێدوانەی ئەردۆغان ”دەستوەردانی ئاشکرایە لە کاروباری ناوخۆی میسر و زێدەڕۆییە“.
وەزارەتی دەرەوەی میسر لێدوانەکەی سەرۆک کۆماری تورکیا بە ”نابەرپرسانە“ ناو دەبات و پێی وایە ئەردۆغان ”هەوڵ دەدا بیری توندڕەویی ئیخوان بڵاو بکاتەوە“.
هەروەک لە بەیاننامەکەی وەزارەتی دەرەوەی میسر هاتووە، رەجەب تەییب ئەردۆغان کێشەی ناوخۆیی لە وڵاتەکەی هەیە و بەو لێدوانانە هەوڵی شاردنەوەیان دەدات.
محەمەد مورسی، سەرۆک کۆماری پێشووی میسر ئێوارەی رۆژی دووشەممە 17-6-2019 لەکاتی دادگاییکردنی، گیانی لەدەست دا.
دوای کۆتایی هێنان بە حوکمی حوسنی موبارەک، محەمەد مورسی، کە لە ساڵی 1951 لەدایک بووە، بە هەڵبژاردن لە 2012 - 2013 بووە سەرۆکی میسر.
جەنەڕال عەبدولفەتاح سیسی، کە لە سەردەمی سەرۆکایەتیی محەمەد مورسی، وەزیری بەرگریی میسر بوو، بە بەکارهێنانی سوپا لە ساڵی 2013 کودەتای بەسەر محەمەد مورسیدا کرد و خۆی وەک سەرۆک کۆماری میسر ناساند.
دوای گرتنە دەستی دەسەڵاتی میسر، رەوتی ئیخوان موسلیمین و محەمەد مورسی، کە یەکێک بوو لە سەرکردەکانی ئیخوان، وەک تیرۆریست ناساند.
باسنيوز
