ئەردۆغان هەڕەشەی زیندانیکردنی کاندیدە رکابەرەکەی بۆ شارەوانیی ئیستەنبوڵ دەکا
سەرۆک کۆماری تورکیا هەڕەشەی زیندانیکردنی کاندیدە رکابەرەکەی پارتەکەی دەکات.
رەجەب تەییب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا و سەرۆکی گشتیی پارتی داد و گەشەپێدان (ئاکەپە) دەسەڵاتداری تورکیا هەڕەشەی زیندانیکردنی ئەکرەم ئیمامۆغڵو، کاندیدی پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە)ی بۆ شارەوانیی ئیستەنبوڵ، کردووە.
ئەکرەم ئیمامۆغڵو بووەتە ناوێکی دیاری ناو میدیای ناوخۆیی تورکیا و جیھان و بەشێکی زۆریش لە شڕۆڤەکاران پێیانوایە ئایندەی ئیمامۆغڵو زۆر روونە و دەبێتە سەرکردەیەکی کاریگەر.
رەجەب تەییب ئەردۆغان لە وتارێکیدا لە ئیستەنبۆڵ، بە تۆمەتی ”سووکایەتیکردن“ بە والیی شاری ئۆردو و بەکارهێنانی وشەی ”بێ شەرەف“ بۆ پۆلیسی ئەردۆغان، هەڕەشەی زیندانیکردنی ئیمامۆغڵوی کردووە و رایگەیاندووە، ”دوای ھەڵبژاردنی شارەوانییەکان لە ئیستەنبۆڵ و دەبێ باجەکەی بدەی“.
ھەفتەی رابردوو ئیمامئۆغلو، لە ئۆردو میتینگێکی ساز کرد و کاتێک ویستی بگەڕێتەوە ئیستەنبۆڵ، لەناو فڕۆکەخانە نەیانھێشت بەشی VIP بەکاربھێنێت و کارمەندەکان بە توندی لەگەڵیدا جوڵانەوە، ئەویش والیی ئۆردوی تۆمەتبار کرد.
ئەگەر هەیە کاندیدی جەهەپە، کە پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) پشتگیریی خۆی بۆ راگەیاندووە، لەسەر دوو پرس دادگایی بکرێ، کە بریتین لە:
- سیخوڕیکردن بۆ یۆنان
بەشێک لە میدیاکانی تورکیا باس لەوە دەکەن، کە ئیمامۆغڵو بە رەچەڵەک یۆنانییە.
- پشتگیریکردنی هەدەپە و پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە).
ئیمامۆغڵو لە هەڵبژاردنی 30ـی ئاداری ئەمساڵ وەک سەرۆکی شارەوانیی ئیستەنبوڵ هەڵبژێردرا، بەڵام ئاکەپە ئەنجامەکەی رەت کردەوە و کۆمسیۆنی هەڵبژاردنیش بڕیاری دووبارەکردنەوەی هەڵبژاردنەکەی لە ئیستەنبوڵ لە 23-6-2019دا، دا.
باسنيوز
