خێزانەکەی مورسی وەسیەتەکەی جیبەجێ ناکەن
محەمەد مورسی، سەرۆک کۆماری پێشووی میسر ئێوارەی رۆژی دووشەممە 17-6-2019 لەکاتی دادگاییکردنی، گیانی لەدەست دا.
بەپێی هەواڵی میدیا میسرییەکان، سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ سێشەممە 18-6-2019، تەرمی محەمەد مورسی لە گۆڕستانی (وەفا و ئەمەل) لە رۆژهەڵاتی قاهیرەی پایتەختی میسر، بە ئامادەبوونی پارێزەرەکەی و ئەندامانی خێزانەکەی، بەخاک سپێردرا.
هێزێکی گەورەی سەربازیی و ئەمنیی میسری لە رێوڕەسمی بەخاک سپاردنی تەرمی محەمەد مورسی خرابوونە حاڵەتی ئامادەباشی بۆ رووبەڕووبوونەوەی هەر ئەگەرێک.
پێشتر عەبدولمونعیم عەبدولمەقسود، پارێزەری محەمەد مورسی رایگەیاندبوو، مورسی وەسیەتی کردبوو لە گۆڕستانی زێدی خۆی (گوندی عەدوەی رۆژهەڵات) بەخاک بسپێردرێت.
دوای کۆتایی هێنان بە حوکمی حوسنی موبارەک، محەمەد مورسی، کە لە ساڵی 1951 لەدایک بووە، بە هەڵبژاردن لە 2012 - 2013 بووە سەرۆکی میسر.
جەنەڕال عەبدولفەتاح سیسی، کە لە سەردەمی سەرۆکایەتیی محەمەد مورسی، وەزیری بەرگریی میسر بوو، بە بەکارهێنانی سوپا لە ساڵی 2013 کودەتای بەسەر محەمەد مورسیدا کرد و خۆی وەک سەرۆک کۆماری میسر ناساند.
دوای گرتنە دەستی دەسەڵاتی میسر، رەوتی ئیخوان موسلیمین و محەمەد مورسی، کە یەکێک بوو لە سەرکردەکانی ئیخوان، وەک تیرۆریست ناساند.
باسنيوز
