ئەگەر ئەمجارەیان ئیستەنبۆڵ لەدەست بدەنەوە، ئیدی رێگەی ئەو ٢ پارتە جیا دەبێتەوە.
مەهەپە و ئاكەپە ٣ هەڵبژاردنە بە یەكەوە و بە یەك لیست بەشداریی هەڵبژاردن دەكەن، ئەگەرچی لە ٢ هەڵبژاردندا سەركەوتوو بوون، بەڵام بۆ هەڵبژاردنی شارەوانییەكانی توركیا، كە مانگی رابردوو ئەنجام درا تووشی شكست بوونەوە، بەوەی زۆربەی سەرۆك شارەوانییەكانیان لەدەست دا، بەڵام ئەگەر ئەمجارەیان ئیستەنبۆڵ لەدەست بدەنەوە، ئیدی رێگەی ئەو ٢ پارتە جیا دەبێتەوە.
مەهەپە كە پارتێكی نەژادپەرستە، لە هەموو هەنگاوێكدا لەگەڵ ئاكەپەیە و هاوپەیمانیی كۆمارییان دروست كردووە، بەڵام دوای ئەوەی لە ٣١_٣_٢٠١٩ زۆربەی شارەوانییە گەورەكانیان لەدەست دا وەكوو (ئەنقەرا، ئەدەنا، ئیزمیر، مێرسین، بۆدروم، ئەنتاڵیا و ئیستەنبۆڵ)، ئیدی دەنگێكی زۆر بەرز لەناو ئەكەپەدا دروست بوو و گوتیان شكستی ئێمە لەم هەڵبژاردنەدا هۆكارەكەی هاوپەیمانیمان بوە لەگەڵ مەهەپەدا.
بڕیارە رۆژی ٢٣ی ئەم مانگە، هەڵبژاردنی شارەوانییەكان لە ئیستەنبۆڵ ئەنجام بدرێتەوە، دووبارە مەهەپە و ئەگەپە بە یەكەوە چوونەتە ناو ئەو هەڵبژاردنەوە و كاندیدی هەردوكیان بۆ سەرۆكی شارەوانی بیناڵی یڵدرمە.
رۆژنامەی (یەنی چاغی)ی توركی بە قەڵەمی (ئەحمەد تاكان) نووسینێكی بڵاو كردووەتەوە و ئاماژە دەدات، ئەگەر ئەمجارەشیان كاندیدەكەی ئاكەپە و مەهەپە دۆڕا بەرامبەر بە ئەكرەم ئیمامئۆغلو، مەهەپە و ئاكەپە هاوپەیمانییەتەكەیان تێك دەچێت و هەر پارتە و بە جیا كاری سیاسیی خۆی دەكات.
تاكان باس لەوەش دەكات، كە دۆڕانی یڵدرم لە ٢٣ی حوزەیران دۆڕانی مەهەپە و ئاكەپەیە، بۆیە هەموو كەس دەزانێت ئەگەر یڵدرم دۆڕا، ئیدی مەهەپە و ئاكەپەش لێك جیا دەبنەوە.
جیابوونەوەی مەهەپە و ئاكەپە ئەگەر بۆ هەڵبژاردنەكانی داهاتوو بێت و، هاوپەیمانیی كۆماری تێك بدەن ئاساییە، بەڵام ئەگەر ئەو جیابوونەوەیە بگاتە ئاستی پەرلەمانیش تابلۆی سیاسی لە توركیا دەگۆڕێت، چونكە لەوێش هاوپەیمانن و ئەوكات پەرلەمان هەڵدەوەشێتەوە و توركیا دەچێتە ناو هەڵبژاردنی پێشوەختەوە.
هۆكاری ئەوەی توركیا دەچێتە ناو هەڵبژاردنی پێشوەختەوە ئەوەیە، كە ئاكەپە بە تەنیا ناتوانێت زۆرینە بێت لە پەرلەمان و خاوەنی ٢٩٤ كورسییە لە كۆی ٦٠٠ كورسی، بۆیە بە دەنگی مەهەپە بوونەتە زۆرینە لە پەرلەمانی توركیا.
ئەگەر بێت و پارتەكەی سەرۆك كۆماری توركیا لەناو پەرلەمان زۆرینە نەبێت، ئەوكات سەرۆك ناتوانێت بڕیارنامە دەربكات و دەسەڵاتەكانی رەها نابێت، واتە بەهێزبوونی دەسەڵاتەكانی سەرۆك، پەیوەستە بەوەی پارتەكەی زۆرینە بێت لە پەرلەمانی توركیا.
باسنیوز
