تورکیا.. نۆ پەنابەر لە ئاودا خنکان
ڕۆژ عەزیز، نوێنەری فدراسیۆنی پەنابەرانی عێراق لە تورکیا، ڕايگەیاند: "سەرلەبەیانی ئەمرۆ دووشەممە ١٧ / ٦ / ٢٠١٩ بەلەمێک لە شاری (بودوم)ی سەر بە پارێزگای موگلای تورکیا کە 40 پەنابەری ھەڵگرتبوو، نقوم بووە و
بەو هۆیەوە هەشت پەنابەر خنکاون و کەسێکی دیکەش تەرمەکەی نەدۆزراوەتەوە و 31 پەنابەرەکەی دیکەش لەلایەن ھێزەکانی پۆلیسی ئەو وڵاتەوە لە خنکان ڕزگار کراوە".
نوێنەری فدراسیۆنی پەنابەرانی عێراق لە تورکیا ڕوونیشی کردەوە" لە ئەنجامی گەڕان بەدوای تەرمەکاندا توانرا تەرمی ھەشت پەنابەر بدۆزرێتەوە کە یەکێکیان ئافرەتە، ھاوکات بۆ دۆزینەوەی تەرمەکەی دیکەش ھەوڵەکان بەردەوامن".
لەبارەی ناسنامەی ئەو پەنابەرە خنکاوانە، ڕۆژ عەزیز گوتی، بەھۆی ئەوەی ڕووداوەکە تازەیە، هێشتا ناسنامەی پەنابەرە خنکاوەکان نەزاندراوە.
باسنيوز
