میری قەتەر: ئامادەین پەرە بە هەموو پەیوەندییەکانمان لەگەڵ تاران بدەین
ئەمڕۆ شەممە 15-6-2019، لە پەراوێزی کۆنگرەی پێنجەمی یەکانگیری و دروستکردنی متمان لە ئاسیا (سیکا)، میر تەمیم بن حەمەد ئال سانی، میری قەتەر و حەسەن رۆحانیی سەرۆک کۆماری ئێران، کۆ بوونەوە.
میر تەمیم بن حەمەد رایگەیندووە، قەتەر ئامادەیە پەرە بە هەموو پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئێران بدات.
لە بەرامبەردا، حەسەن رۆحانی رایگەیاندووە، ئێران پەیوەندییەکانی لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ بە یەکێک لە بنەما سەرەکییەکانی دادەنێت.
رۆژی 5.6.2017، بەهۆی بوونی پەیوەندیی قەتەر بە کۆماری ئیسلامیی ئێران و پشتگیریکردنی رەوتی ئیخوان موسلیمین، هەر چوار وڵاتی سعودیە، میسر، ئیمارات و بەحرێن بڕیاریان دا هەموو پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ئەو وڵاتە بپچڕێنن.
میر تەمیم بن حەمەد ئال سانی لە ساڵی 1980 لە دەوحە لەدایک بووە. لە ساڵی 2013 میر حەمەد بن خەلیفە ئال سانیی باوکی دەستبەرداری کورسیی شاهانە بوو و لە 25/6/2013 تەمیم بن حەمەد وەک میری قەتەر دەستبەکار بوو.
قەتەر نیمچەدوورگەیەکی عەرەبییە و کەوتووەتە رۆژهەڵاتی کەنداوی عەرەبی. سنووری وشکانی تەنیا لەگەڵ سعودیە هەیە و لەگەڵ وڵاتانی ئیمارات، بەحرێن و ئێران سنووری ئاوی هەیە.
باسنيوز
