ماکرۆن داوای راگرتنی ”کردە نایاساییەکان“ لە ئەردۆغان دەکات
سەرۆک کۆماری فەرەنسا داوای راگرتنی ”کردە نایاساییەکان“ لە سەرۆک کۆماری تورکیا دەکات.
ئیمانوێڵ ماکرۆن، سەرۆک کۆماری فەرەنسا لە کۆبوونەوەی لوتکەی وڵاتانی باشووری یەکێتیی ئەورووپا لە ماڵتا، رایگەیاندووە، لە بابەتی گازی سروشتیی قوبرسی یۆنانیدا، ئەورووپا بێ هەڵوێست نابێت.
ئیمانوێڵ ماکرۆن هەروەها داوای لە رەجەب تەییب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا کردووە ”کردە نایاساییەکان“ی وڵاتەکەی لە ئاوەکانی قوبرسی یۆنانی، بوەستێنێت.
مەبەستی سەرۆکی فەرەنسا لە کردە نایاساییەکان، بەدواداگەڕانی تورکیایە لە گازی سروشتی لە ئاوەکانی دوورگەی قوبرس (Cyprus). قوبرسی یۆنانی، کە ئەندامی یەکێتیی ئەورووپایە، پێی وایە ئەو شوێنانەی تورکیا تێیاندا بەدوای گازی سروشتیدا دەگەڕێت، موڵکی قورسی یۆنانین.
لە ساڵی 1974، تورکیا بە زەبری هێز دەستی بەسەر بەشێکی دوورگەی قوبرسدا گرت و لە ساڵی 1983 دەوڵەتێکی بەناوی کۆماری باکووری قوبرسی تورکی دامەزراند، کە تەنیا ئەنکەرە دانی بەو دەوڵەتەدا ناوە.
باسنیوز
