بایدن بەپێش کاندیدەکانی دیموکراتەکان بۆ سەرۆکایەتیی ئەمریکا دەکەوێت
خاوەنی بیرۆکەی دابەشکردنی عێراق بەپێش کاندیدەکانی پرتی دیموکراتی ئەمریکا بۆ سەرۆکایەتیی وڵاتەکەی، دەکەوێت.
بەپێی دوایین راپرسی، جۆ بایدن، سیاسەتمەداری ئەمریکی %24ـی دەنگەکانی ویلایەتی ئیوای بەدەست دەهێنێت و و هەرسێ رکابەرەکانی دەنگێکی کەمیان هێناوە، بێرنی ساندەرز %16 و ئێلیزابێس وارن %15 و بێت بوتجیج %14ـی دەنگەکان بەدەست دەهێنن.
بڕیارە هەڵبژاردنی ناوخۆیی دیموکراتەکان لە ویلایەتی ئیوا بۆ دیاریکردنی کاندیدێک بۆ سەرۆکایەتیی ئەمریکا لە مانگی 2ـی 2020 ئەنجام بدرێت.
بە بوونی بە کاندیدی دیموکراتەکان، جۆ بایدن لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمریکا لە ساڵی داهاتوو رکابەریی دۆناڵد ترەمپی کاندیدی پارتی کۆماری و سەرۆکی ئێستای ئەمریکا دەکات، کە بڕیارە لە 18ـی ئەم مانگە (مانگی 6ـی 2019) بە فەرمی کاندیدبوونی خۆی رابگەیەنێت.
رۆژی پێنجشەممە 25-4-2019، جۆو بایدن، سیاسەتمەدار و جێگری سەرۆکی پێشووی ئەمریکا(جێگری باراک ئۆباما لە 2009-2017)، بە فەرمی کاندیدبوونی خۆی بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمریکا لە ساڵی 2020، راگەیاند.
لە ساڵی 2008، جۆ بایدن ( 78 ساڵ) بیرۆکەی دابەشکردنی عێراقی بۆ سێ هەرێمی کورد، سوننە و شیعە داهێنا و رایگەیاند، تەنیا ئەو دابەشکردنە کۆتایی بە کێشەکانی عێراق دەهێنێت.
بڕیارە لە مانگی 11ـی 2020، هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمریکا ئەنجام بدرێ و سەرۆکی ژمارە 46ـی ئەو وڵاتە هەڵبژێردرێت.
باسنيوز
