لە سوریا و لە دوو ڕۆژدا 167 کەس بەهۆی شەڕەوە کوژراون

لە سوریا و لە دوو ڕۆژدا 167 کەس بەهۆی شەڕەوە کوژراون
لە حاڵێکدا شەڕ و تێکهەڵچوونی چەند ڕۆژی ڕابردووی نێوان هێزەکانی سووریا و دژبەرانی چەکدار لە پارێزگای "حەما" زیاتر بووە، ڕوانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ ئاشکرای کردووە لە دوو ڕۆژی ڕابردوودا بەهۆی شەڕەوە زیتار لە 160 کەس لە هەردوولا کوژراون.



ڕوانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ لە ناوەندەکەی لە لەندەنە، دوێنێ شەممە 2019.6.8 بڵاوی کردەوە لە ئەنجامی شەڕ و پێکدادانی 48 کاتژمێری ڕابردوو لە پارێزگای حەما لە سووریا لانیکەم 167 کەس لە چەکدارانی دژبەری سووریا و هێزەکانی سوپای سووریا کوژراون.



بەپێی هەمان سەرچاوە ڕۆژی شەممە هێزە دژبەرەکانی سووریا هێرشێکی نوێیان بۆ سەر سوپای ئەو وڵاتە دەست پێکردووە و جیاواز لە بەکارهێنانی هاوەن و ڕۆکێت، هاوکات چەند تەقینەوەیەکی خۆکوژیش ڕووی داوە.



ئەو هێرشانە لە چەند ناوچەی دەرەوەی ساری حەما ڕوویان داوە و بەپێی ئاماری ڕوانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ تەنیا ڕۆژی شەممە 37 کەس لە هێزەکانی سووریا و 28 کەس لە دژبەرانی حکوومەت کوژراون.



لە ئەنجامی ڕێککەوتنێک کە هاوینی ڕابردوو لە نێوان سوپای سووریا و هێزە دژبەرەکاندا واژۆ کرا، پارێزگای حەما وەک ناوچەیەکی ئەمن (بەبێ شەڕ و چەکوچۆڵ) لەقەڵەم درابوو.



ئەم هێرشانە لە کاتێکدان کە نزیکەی یەک مانگە لەمەوبەر هێزەکانی ەبشار ئەسەد بە پاڵپشتیی فڕۆکە جەنگییەکانی ڕووسیا هێرشێکی فراوانیان لە دوو پارێزگای حەما و ئدلب دەست پێکرد کە بەپێی ئاماری ڕوانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ، بووە هۆی کوژرانی لانیکەم 350 هاووڵاتیی مەدەنی و بە هەزارانی هاووڵاتیی دیکەش ئاوارە بوون.







باسنيوز
Top