نرخی نەوتی خاو لەبەرزبونەوەدایە
بەپێی ئاژانسی رۆیتەرز، نرخی هەر بەرمیلێک نەوتی خاوی برێنت بۆ جاری سێیەم لەم هەفتەیەدا 26 سەنت بەرزبوەوە، کە رێژەی لەسەدا 0.4 ی نرخەکەی پێشویەتی و بەوەش نرخەکەی بەرزبوەوە بۆ 69.71 دۆلار، بەڵام بەشێوەیەکی رێژەیی لە هەفتەکەدا نرخی هەر بەرمیلێک نەوت لەسەدا یەکی نرخی هەفتەی رابردوی دابەزیوە.
هاوکات، نرخی بەرمیلێک نەوتی تەکساسی ئەمریکی 40 سەنت بەرزبوەوە، کە دەکاتە لەسەدا 0.7 نرخی پێشوی، بەوەش نرخی هەر بەرمیلێک نەوت لە 59.21 دۆلاردا جێگیربو.
بەشێوەیەکی رێژەی نرخی نەوتی تەکساس لەماوەی هەفتەی رابردودا بەڕێژەی لەسەدا 3.2 کەمبونەوەی بەخۆوە بینیوە.
دوێنێ پێنجشەممە بەپێی داتاو زانیاری عەمبارەکانی فرۆشتنی نەوت، نەوتی خاوی ئەمریکا 5.3 ملیۆن بەرمیل نەوت کەمیکردوە، لەکاتێکدا تاکو 24 ی ئەم مانگە بڕی 474.4 ملیۆن بەرمیل نەوت لەعەمبارەکاندا هەبوە.
هەفتەی رابردو بەهۆی پابەندبونی سعودیە بە راگرتنی باڵانسی نرخی نەوت و بەرزبونەوەی داتای عەمبارەکانی نەوتی ئەمریکا نرخی نەوتی خاو لەبازاڕەکانی جیهاندا بەردەوام لەکەمبونەوەدا بو کە کەمترین نرخی خۆی لەمانگی دیسەمبەری رابردوەوە تۆمارکرد.
خەندان
