ئەردۆغان داوایەك لە ترەمپ دەكات

ئەردۆغان داوایەك لە ترەمپ دەكات
بەگوێرەی ئاژانسی ئەنادۆڵ، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆك کۆماری تورکیا پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا ئەنجامداوەو باسیان لە کڕینی سیستمی بەرگری مووشەکی S-400 كردووە. ئەردۆغان جارێكی دیكە داوای لە ترەمپ كردووە، كە لیژنەیەکی هاوبەش بۆ تاوتوێکردنی کڕینی سیستمی بەرگری مووشەکی S-400 پێكبھێنن.

فەخرەدین ئاڵتون، سەرۆکی پەیوەندییەکانی سەرۆکایەتی کۆماری تورکیا لەبارەی پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەوە لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر ئاشكرای كردووە: "سەرکۆماری تورکیا ئەردۆغان لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەیدا لەگەڵ ترەمپ، جارێکی دیکە جەختی لە پێکهێنانی لیژنەیەکی هاوبەش بۆ تاوتوێکردنی کڕینی سیستمی بەرگری مووشەکی S-400 کردەوە".

پێشتر ئه‌مه‌ریكا مۆڵه‌تی دوو هه‌فته‌ی بۆ توركیا دیاری كردووه‌، تا له‌ كڕینی سیستمی به‌رگریی ئاسمانیی رووسی (ئێس - 400) پاشگه‌ز ببێته‌وه‌.

كه‌ناڵی CNBC ئه‌مه‌ریكی له‌ سه‌ر زاری سه‌رچاوه‌یه‌كی ئاگاداری وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا بڵاوی كردووه‌ته‌وه‌ كه‌ "واشنتن داوای له‌ ده‌سه‌ڵاتدارانی ئه‌نقه‌ره‌ كردووه‌، له‌ رێككه‌وتنی كڕینی سیستمی ئێس - 400ـی رووسی بكشێنه‌وه‌، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش مۆڵه‌تێكی دوو هه‌فته‌یان دیاریكردووه‌ و گوتوویانه‌، ئه‌وه‌ دوا مۆڵه‌ته‌ و پێویسته‌ تا كۆتایی ئه‌م مانگه‌، ده‌ست له‌ كڕینی ئه‌و سیستمه‌ رووسییه‌ هه‌ڵگرن".

بەمەبەستی پاراستنی ئاسمانی وڵاتەکەی، تورکیا بڕیاردا سیستمی بەرگری مووشەکی ئێس- 400ی رووسی بکڕێت، بەڵام ئەمەریکا دەیەوێت ئەنقەرە لە بری ئەو سیستمە رووسییە، پاتریۆتی ئەمەریکی بکڕێت.

سەرچاوەیەکی حکوومەتی ئەمەریکا بۆ سایتی CNBCی ئاشکرا کردووە: "ئەگەر لەماوەی دوو ھەفتەدا تورکیا لە کڕینی سیستمە رووسیەکە پەشیمان نەبێتە، واشنتن سزا دارییەکانی بەسەردا دەسەپێنێت".

ئەمەریکا و تورکیا هاوپەیمانی ناتۆن، واشنتن ترسی ئەوەی هەیە، لە رێگای ئەو رادارە رووسییە، مۆسکۆ بتوانێت زانیاری لەسەر فڕۆکە ئەمەریکییەکان کۆبکاتەوە کە لە تورکیا بەکاردەهێنرێن، بە تایبەت فڕۆکەی ئێف-35، بەڵام تورکیا رەتیدەکاتەوە و سوورە لەسەر بڕیارەکەی.








K24
Top