رێبەری باڵای کۆماری ئیسلامیی ئێراني شيعى دانوستاندن لەگەڵ ئەمریکا بە تەواوی رەت دەکاتەوە.
عەلی خامنەیی پێی وایە ئەگەر دانوستاندن لەگەڵ ئەمریکا بکەن، ئەوا مانای وایە فریویان خواردووە.
رێبەری باڵای ئێران هەروەها رایگەیاندووە، پێشتریش گوتویانە دنوستاندن لەگەڵ ئەمریکا لەبارەی چەکی ناوکییەوە ناکەن، ”چونکە دانوستاندن لەگەڵ شەیتانی گەورە هیچ سوودی نابێت“.
ئەو لێدوانەی خامنەیی دوای لێدوانی حەسەن رۆحانی، سەرۆک کۆماری ئێران دێت، کە رایگەیاندبوو، ”ئەگەر ئەمریکا سزاکان لەسەر ئێران لابدات“، ئەوا ئەگەری دانوستاندن لەنێوانیان هەیە.
چەند هەفتەیەکە بارودۆخی نێوان ئەمریکا و ئێران زۆر ئاڵۆز بووە و ئەمریکا دەیان هەزار سەربازی لە عێراق خستووەتە حاڵەتی ئامادەباشی و کەشتیگەلێکی گەورەی سەربازیشی ناردووەتە ئاوەکانی کەنداوی عەرەبی.
دوای کشانەوەی ئەمریکا لە رێککەوتننامەی ناوکی و سەپاندنی چەندین سزا بەسەر ئێران، دۆناڵد ترەمپ هەڕەشەی لە هەموو ئەو وڵات و لایەنانە کرد، کە یان دەبێ بچنە بەرەی ئێران یاخود پابەندی سزاکانی ئەمریکا بن بەسەر ئێران.
شەوی 8/5/2018، دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکا بڕیاری کشانەوەی وڵاتەکەی لە رێککەوتنی ناوکیی ئێران و وڵاتانی پێنج + یەک، واژۆ کرد.
رێککەوتنی ناوکیی ئێران و وڵاتانی پێنج + یەک لە سەرەتای نیسانی 2015 لە شاری لۆزان لە سویسڕا واژۆ کرا، کە بەپێی ئەو رێککەوتنە ئێران دەستبەرداری دروستکردنی چەکی ناوکی دەبێت و ئەمریکاش سزاکانی لەسەر ئەو وڵاتە سووک دەکات.
وڵاتانی پێنج + یەک بریتین لە پێنج وڵاتی ئەندامی هەمیشەیی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی (ئەمریکا، فەرەنسا، رووسیا، بەریتانیا و چین) و ئەڵمانیا.
باسنيوز
