رۆژنامەیەک شوێنی جێگیرکردنی مووشەکی S-400 لە تورکیا ئاشکرا دەکات
رۆژنامەیەک شوێنی جێگیرکردنی سیستەمی مووشەکیی S-400 لە تورکیا ئاشکرا دەکات.
ئەمڕۆ چوارشەممە 29-5-2019، رۆژنامەی (یەنی شەفەق)ی تورکی لە زاری سەرچاەکانییەوە بڵاوی کردووەتەوە، کە بڕیارە تورکیا چوار سیستەمی S-400، کە هەر یەکێکیان نۆ بارهەڵگر و 144 مووشەک لەخۆ دەگرێت، وەربگرێت.
فوئاد ئۆکتای، جێگری سەرۆک کۆماری تورکیا رایگەیاندووە، وڵاتەکەی سیستەمە مووشەکییەکە لە مانگی 6 یان 7ـی ئەمساڵ وەردەگرێت.
رۆژنامەکە ئاماژەی بە شوێنی جێگیرکردنی سیستەمە مووشەکییەکە کردووە و رایگەیاندووە، یەکێک لەو سیستەمانە لە بەرزترین ناوچەی ئەنقەرەی پایتەخت، کە ناوی ئایاشە، دادەنرێت و سیستەمێکی دیکەش لە بنکەی ئاکنجیی سەربازیی هەمان شار، دادەنرێت.
بەهۆی کڕینی ئەو سیستەمە مووشەکییە لە رووسیا، پەیوەندییەکانی ئەنقەرە و واشنتن بەرەو توندبوون و ئاڵۆزی رۆیشتوون و لە ئەگەری کڕینی ئەو سیستەمەش لەلەایەن تورکیاوە، ئەمریکا هەڕەشەی سەپاندنی سزا بەسەر ئەو وڵاتە دەکات.
لە ساڵی 2017، ئەنقەرە رێککەوتنێکی لەگەڵ مۆسکۆ واژۆ کرد بۆ کڕینی سیستەمی S-400، کە پێشکەوتووترین سیستەمی دژە مووشەکی و دژە فڕۆکەیە و لە رووسیا دروست دەکرێت.
باسنیوز
