ئێران: به هیچ شێوەیەك دانوستان لەگەڵ ئەمەریكا ناكەین

 ئێران: به هیچ شێوەیەك دانوستان لەگەڵ ئەمەریكا ناكەین
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران بە فەرمی لە ئارادابوونی هەرچەشنە گفتوگۆیەکی وڵاتەکەی لەگەڵ ئەمریکا ڕەت کردەوە.



بەپێی هەواڵی ماڵپەڕی فەرمیی ئێران (ئیرنا) عەباس مووسەوی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، دوێنێ یەکشەممە 2019.5.26 لە پرێسک کۆنفرانسێکدا گوتی: "هیچ چەشنە گفتوگۆیەک بۆ دانوستان لەگەڵ ئەمریکا بە شێوەی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ لە ئارادا نییە".



ئەم هەڵوێستە فەرمییەی ئێران لە کاتێکدایە کە محەمەدجەواد زەریف، وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە پاش سەفەری بۆ بەغدا و گفتوگۆ لەگەڵ بەرپرسانی باڵای ئەو وڵاتە، هەندێ ڕاپۆرت و زانیاری لەبارەی گفتوگۆ لەگەڵ ئەمریکا بە نێوانگیریی عێراق بڵاو کرایەوە.



هاوکات بەرپرسێکی باڵای وەزارەتی دەرەوەی ئێران سەردانی عومانی کرد و محەمەدعەلی حەکیم، وەزیری دەرەوەی عێراقیش لە دیدار لەگەڵ مەحەمەدجەواد زەریف جارێکی‌تر پێشنیاری نێوانگیریی عێراقی بۆ دانوستانی ئەمریکا و ئێران هێناوەتە گۆڕێ.



عەباس مووسەوی گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران هەموو ئەو زانیارییانەی ڕەت کردووەتەوە کە "خالد ئەلجاروڵا" جێگری وەزیری دەرەوەی کوێت ڕای گەیاندبوو دانوستانی نێوان تاران و واشنتۆن دەستی پێکردووە.



لە ماوەی چەند هەفتەی ڕابردوو و هاوکات لەگەڵ تەشەنەسەندنی گرژی و ئاڵۆزییەکانی نێوان تاران و واشنتۆن، عەلی خامنەیی ڕێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران ڕاشکاوانە گفتوگۆ لەگەڵ ئەمریکای ڕەت کردەوە و هاوکات حەسەن ڕۆحانی و بەرپرسانی باڵای سیاسی و سەربازیش ئاشکرایان کردووە دانوستان لە هەملومەرجی ئێستادا ئیمکانی نییە.



ئەم هەڵوێستانەی ئێران لە کاتێکدان کە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا کە وڵاتەکەی لە ڕێککەوتنی ناوکی لەگەڵ ئێران کشاوەتەوە، ڕای گەیاندووە ئەگەر بێت و ئێران ئامادەی گفتوگۆ بێت، ئەوا ئەمریکاش بۆ دانوستانێکی نوێ ئامادەیە.










باسنيوز
Top