سوپای پاسداران: بە دوو چەکی نوێ کەشتییەکانی ئەمریکا لەناو دەبەین
بەپێی زانیاریی میدیا فەرمییەکانی ئێران، مورتزا باقری، ڕاوێژکاری باڵای فەرماندەی گشتیی سوپای پاسدارانی ئێران لە وتووێژێکدا کە ئەمڕۆ شەممە 2019.5.25 لە ماڵپەڕی "میزان" ئەنجامی داوە، گوتوویەتی: "دوو چەکی نوێ و زۆر نهێنیمان لەبەردەستە کەلە ئەگەری ڕوودانی شەڕ لەگەڵ ئەمریکا و هەر گەمژەیەکی دوژمن، بە یەکجاری لەناویان دەبەین و لە دەریا نوقمیان دەکەین و ئەوکات دەزانن چییان بەسەر دێنین".
پێشتر و بەتایبەت لە ماوەی دوو هەفتەی ڕابردوو و هاوکات لەگەڵ تەشەنەسەندنی گرژییەکانی نێوان ئێران و ئەمریکا، بەرپرسانی باڵای سیاسی و سەربازیی ئێرام چەندین جار بە هەڕەشە باسیان لە "ئامادەیی و تەیاریی سەربازیی ئێران" کردبوو و ئاشکرایان کرد کە ئەمریکا ترسی لە توانایی سەربازیی ئێران هەیە. بەڵام ئەمە یەکەم جارە کە بەرپرسێکی سەربازی باسی چەکێکی نوێ و نهێنی بکات".
هێشتا دیار نییە مەبەستی ئەم بەرپرسەی سوپای پاسداران لە "چەکی نوێ و نهێنی" چییە و ئایا ئاماژەیە بە مووشەکە نوێیەکانی ئێران، یان ئاماژەی بە هێزی ناوکی کردووە و دیار نییە و شارەزایانی سەربازیش لەمبارەوە کاردانەوەیان نەبووە".
ماوەی نزیکەی یەک مانگە ئەمریکا ئاشکرای کردووە، بە مەبەستی بەرەنگاربوونەوەی ئێران و پتەوکردنەی هێزە سەربازییەکانی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، کەشتیگەلی ئابراهام لینکۆڵن و فڕۆکەی 852 و فڕۆکەی بۆمهاوێژی ڕەوانەی کەنداو و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کردووە.
ئەم هەڵوێستەی سوپای پاسداران لە کاتێکدایە کە بەرپرسانی ئەمریکی و ئێران لە یەک دوو ڕۆژی ڕابردوودا بە ڕوونی ئاشکرایان کردووە کە هیچکامیان مەبەستی شەڕیان نییە و تەنیا بەمەبەستی بەرگری جموجۆڵی سەربازییان لە ئارا دایە.
باسنيوز
