تورکیا بڕیارێک لەبارەی گۆڕینەوەی دۆلار بە لیرە دەدات
دەسەلاتدارانی تورکیا بۆ راگرتنی دابەزینی بەهای لیرەی ئەو وڵاتە، بڕیارێک لەبارەی گۆڕینەوەی دۆلار بە لیرە، دەدات.
بڕیارەکە رۆژی سێشەممە 21-5-2019 لەلایەن دەستەی رێکخستن و چاودێریی بانکەکان لە تورکیا دراوە و ئاراستەی هەموو بانک و نووسینگەکانی گۆڕینەوەی دراو، کراوە.
دەستەکە داوای لە بانک و نووسینگەکان کردووە، کە مامەڵەی گۆڕینەوەی دۆلار بە لیرە ئەگەر لە 100 هەزار دۆلار زیاتر بوو، رۆژێک دوا بخرێت.
ئەو بڕیارەی دەسەڵاتدارانی تورکیا بۆ راگرتنی دابەزینی بەهای لیرەی وڵاتەکە دراوە، کە چەند هەفتەیەکە بەردەوام بەهاکەی لەدەست دەدات و ئەمڕۆ چوارشەممە 22-5-2019 بەهای 100 دۆلار، 606 لیرەیە.
بەهۆی زیادبوونی ناکۆکییەکانی تورکیا و ئەمریکا، بەهای لیرە بەردەوام روو لە داکشانە و گرنگترین هۆکاری ناکۆکییەکانیش بریتین لە کڕینی سیستەمی مووشەکیی S-400ـی رووسی لەلایەن تورکیاوە.
باسنیوز
