400 كۆنگرێسمانی داوا له تره‌مپ ده‌كه‌ن له سووریا نه‌كشێته‌وه و به‌ره‌نگاری مه‌ترسیی ئێران ببێتەوە
ئه‌و كۆنگرێسمانانه رۆژی دووشه‌ممه 20/5/2019 یاداشتێكیان واژۆ كردووه و ئاراسته‌ی سه‌رۆكی وڵاتیان كردووه و داوای به‌رده‌وامیی رۆڵی ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كان له سووریا ده‌كه‌ن و ده‌ڵێن: "ئێمه له چالاكیی گرووپه توندڕه‌وه‌كان له سووریا زۆر نیگه‌رانین".
له كۆی 535 ئه‌ندامی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌ران و ئه‌نجوومه‌نی پیران، 400 كه‌سیان واژۆیان له‌سه‌ر ئه‌و یاداشته كردووه و پێیانوایه "نزیكترین هاوپه‌یمانه‌كانی ئه‌مه‌ریكا له ناوچه‌كه له‌ژێر هه‌ڕه‌شه‌ی ئه‌و گرووپانه‌دان و داوا له سه‌ركردایه‌تی وڵاته‌كه‌یان ده‌كه‌ن وه‌ك هه‌میشه رۆڵی یه‌كلاكه‌ره‌وه‌ی خۆیان ببینن.
هه‌روه‌ها له نامه‌كه‌دا داوا له تره‌مپ ده‌كه‌ن فشار بخاته سه‌ر رووسیا و ئێران له‌باره‌ی چالاكییه‌كانیان له سووریا. جگه له‌وه‌ش ئه‌و فشارانه حزبوڵڵای لوبنانیش بگرێته‌وه.
زۆرێك له كۆنگرێسمانه‌كان جا دیموكراته‌كان بن یان كۆمارییه‌كان پێیانوایه، له مانگی دیسه‌مبه‌ری رابردووه‌وه نیگهڕانییهكی قوڵ به‌رامبه‌ر سیاسه‌تی ئه‌مه‌ریكا له سووریا درووست بووه، چونكه زۆر له ناكاو تره‌مپ، تیمی ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی و هاوپه‌یمانه‌كانی به بڕیاری كشانه‌وه‌ی ھێزه‌كانی ئه‌مه‌ریكا له‌و وڵاته كه ژماره‌یان نزیكه‌ی 2 هه‌زار سه‌ربازه ئاگاداركرده‌وه.
به‌ڵام تره‌مپ له مانگی فێبرایه‌ری رابردوو له بڕیاره‌كه‌ی پاشگه‌ز بووه‌وه و ره‌زامه‌ندی له‌سه‌ر مانه‌وه‌ی هێزێكی بچووكی ئه‌مه‌ریكا له سووریا ده‌ربڕی بۆ ئه‌وه‌ی به‌رده‌وامبن له فشارخستنه سه‌ر پاشماوه‌كانی داعش له سووریا.
K24
