حوسیەكان فڕۆكەخانەیەکی مەدەنی سعودیە-یان كردە ئامانج

حوسیەكان فڕۆكەخانەیەکی مەدەنی سعودیە-یان كردە ئامانج
وتەبێژی فەرمی هێزە چەكدارەكانی "هاوپەیمانی پشتگیری لە شەرعیەتی یەمەن" رایگەیاند، حوسیەكانی یەمەن لە رێگەی فڕۆكەیەكی بێ فڕۆكەوانەوە هێرشیان كردوەتە سەر فڕۆكەخانەی نەجران لە سعودیە.

توركی ئەلمالیكی، وتەبێژی هێزە چەكدارەكانی هاوپەیمانی پشتگیری لە شەرعیەتی یەمەن، ئەمڕۆ سێشەممە رایگەیاند، "میلیشیا حوسیەكان لە ریگەی فڕۆكەیەكی بێ فڕۆكەوانەوە كە تەقەمەنی لەگەڵ خۆی هەڵگرتوە، فڕۆكەخانەی نەجران-ی كردوەتە ئامانج".

ئاماژەی بەوەشكردوە، نەجران ناوچەیەكی سەرەكی و زیندوە و رۆژانە ژمارەیەكی زۆر لە هاوڵاتیان و دانیشتوان بەكاریدەهێننن.

ئەلمالیكی راشیگەیاند، "چەكدارە حوسیەكان، لە رێگەی بە ئامانجگرتنی ناوچە سیڤیل نشینەكان و خەڵكی سیڤیل لە هاوڵاتیان و دانیشتوان لە هەمو چین و رەگەزێك، هەڕەشەیەكی راستەقینەیان بۆ سەر ئاسایشی نێودەوڵەتی دروستكردوە".

هاوكات ئەو فەرماندەیە لە ئەگەری بەردەوامبونیان لەو هێرشانە بۆ سەر ناوچە سیڤیل نشینەكان، بە زمانێكی توند هۆشداریدایە حوسیەكان و رایگەیاند، "لە ئەگەری بەردەوامیان لەو هێرشانە، بە توندی وەڵامیان دەدرێتەوە"، وتیشی "لە رێگەی كۆكردنەوەی هێزێكی هاوبەشەوە و بەپێی یاسای نێودەوڵەتی و مرۆڤایەتی بەرامبەرهێرشەكانیان دەوەستینەوە".

ئەو هێرشە لەكاتێكدایە، سێشەممەی رابردو 14ی ئایار حوسیەكان رایانگەیاند، لە هێرشێكدا و لە رێگەی فڕۆكەی بێ فڕۆكەوانەوە، لە هەریەك لە پارێزگاكانی دەودامی و عەفیف، دوو پێگەی گرنگ و سەرەكی نەوت-ی سەر بە كۆمپانیای ئارامكۆ-یان كردوەتە ئامانج.

شاری نەجران دەكەوێتە باشوری رۆژئاوای عەرەبستانی سعودیە و هاوسنورە لەگەڵ وڵاتی یەمەن.





خەندان
Top