هونەرمەندێکی کۆمێدی بوو بە سەرۆک کۆماری ئۆکرانیا

هونەرمەندێکی کۆمێدی بوو بە سەرۆک کۆماری ئۆکرانیا
ڤلادیمیر زلنسکی، هونەرمەندی کۆمێدی کە تاکوو ئیستا هیچ پۆست و پلەیەکی حکوومەتیی نەبووە، بوو بە سەرۆک کۆماری ئۆکرانیا و سوێندی یاسایی خوارد.

ئەو هونەرمەندە ئۆکرانیە، مانگی پێشوو لە ئەنجامی هەڵبژاردن و لە ڕکابەرێیەکی باوەڕپێنەکراودا 75٪ی دەنگی خەڵکی بەدەست هێنا و توانی "پترۆ پرۆشنکۆ" کاندید و سەرۆک کۆماری ئێستای ئۆکرانیا شکست بدات و بە فەرمی ببێتە سەرکۆماری ئەو ولاتە.

چاودێران لەو باوەڕە دان ڤلادیمیر زلسنکی، پاش دەستبەکاربوونی وەک سەرۆک کۆمار، ڕووبەڕووی ئاستەنگی زۆر دەبێتەوە، بۆ وێنە بەرەنگاربوونەوەی ئەو هێزانەی کە لەلایەن ڕووسیاوە پشتوانی دەکرێن.

چەندان نیشانە دەری دەخەن کە ڤلادیمیر پۆتین، سەرۆک کۆماری ڕووسیا بەتەمایە زلنسکی لە سەرەتای کابینەکەیدا تاقی بکاتەوە. بۆ وێنە دەستی کردووە بە دەرهێنانی پاسپۆرتی ڕووسی بۆ جیاییخوازان کە هەندێ لە بەشەکان بۆ وێنە ڕۆژهەڵاتی ئۆکرانیایان بەدەستەوەیە.

ڤلادیمیر زلنسکی، تەمەن 41 ساڵ، کاتێک تێکەڵی ڕکابەرێیەکانی هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماری بوو، هیچ پێشینە و ئەزموونێکی لە سیاسەتدا نەبوو و زیاتر وەک هونەرمەندێکی کۆمێدی دەرکەوتبوو. ئەو زیاتر بە دەورگێڕان لە زنجیرە درامایەکی تەلەفزیۆنی ناوبانگی دەرکردبوو. لەو زنجیرە درامایەدا ڕۆڵی کەسێکی بینیبوو کە بە ڕێکەوت دەبێتە سەرکۆماری ئۆکرانیا.

ئەو لە قۆناغی یەکەمی هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماریدا کە 39 کەس خۆیان کاندید کرابوون و سێ هەفتە لەمەوبەر بەڕێوە چوو، بە زیاتر لە 30٪ زیاتر لە ڕکابەرێیەکانی دیکەی بەدەست هێنابوو، هاوڕێ لەگەڵ پەترۆ پرۆشینکۆ سەرکۆماری ئێستای ئۆکرانیا چوونە قۆناغی دووەم و لە قۆناغی دووەمدا بە بەدەستهێنانی 75٪ی دەنگەکان بە فەرمی بوو بە سەرۆک کۆمار.










باسنيوز
Top